یەكگرتووی ئیسلامی: ناكرێ كورد چاوەڕێی هاتنی ئیمامی مەهدی بكات.. پێویستە سەربەخۆ بێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەڵێ، ناكرێ كورد چاوەڕێی هاتنی (ئیمامی مەهدی) بێت، سەیری ناكۆكییەكان و شەڕی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەغدا بكات، بەڵكە پێویستە ئامادە بێت و داوای مافی سەربەخۆیی بكات، كە چەندین ساڵە خوێنی بۆ دەڕێژێت.
(د. محەممەد ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕاستیدا عێراقی نوێ لەسەر كۆمەڵێك پڕەنسیب دامەزراوە، كە پابەندبوون بە دەستوور و سەروەریی یاسا و ڕێكخستنی بنەماكانی هاووڵاتیبوونن، كوردیش لەسەر ئەم بنەمایانە تا ئێستایش لەگەڵ عێڕاقی نوێدایە، كاتێك ئەم بنەمایانە بە هۆی شەڕی تائیفی و ناكۆكیی مەزەبییەوە هەموویان لەبار دەچن، ئەوا ئاساییە كورد سەربەخۆیی ڕابگەیێنێت، خۆ ناكرێت هەر دانیشێت و چاوەڕێی هاتنی (ئیمامی مەهدی) بكات، بۆیە پێویستە كورد لە بیری ئەوەدا بێت جێگرەوەی هەبێ و سەربەخۆییش مافێكی ڕەوای خۆیەتی بگات بەو ئامانجەی كە ساڵەهایە هەوڵی بۆ دەدا و خوێنی بۆ ڕشتووە."
(ئەحمەد) گوتیشی: "كاتێك لایەنەكانی عێڕاق لە نێوان خۆیاندا شەڕیان بێت لەسەر ئەو بابەتانە و شەڕی مەزەبی بكەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە كورد وەك پێكهاتەیەكی دیكە، بە تەواویی بێهیوا دەكەن، بۆیە سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەبێـت بەر پرسانە مامەڵە بكات، پێویستیشە هەوڵ بدا ناوخۆی ڕێك بخاتەوە، بە جۆرێك لە بیری ئەوەدا بێت ئێستا كاتی سەربەخۆییە، ڕێككەوتنی سیاسی بكەین، دەستوورێك بەرهەم بێنین، لە نێوان جەماوەر و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمەكەماندا متمانە دروست بكەین، وردە وردە پەیوەندییەكانمان ڕێك بخەین، چونكە ناكرێ ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ هەرێم هەیەتی، لە دەستی بدات، بۆیە پێویستە ئێمە بە دۆستایەتی مافەكانی خۆمان بەدەست بێنین، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی خۆمان بین و مافەكان دیاری بكەین."
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی دەشڵێت، ئەم كێشانەی بەغدا، كاریگەریی زۆریان لەسەر دیدگای ئەمەریكا و ئەورووپا هەیە، لەوانەیە ئێستا ئەورووپا و ئەمەریكا هەوڵ بدەن هاوكێشەكان ڕابگرن، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێكدا بێهیوا بوون، لە قازانجی كوردە و پێویستە بتوانێ لەو گۆڕانكاریانەدا جارێكی تر زیانی بەر نەكەوێتەوە و ئامانجەكەی خۆی بپێكێ."
فایزە پاڵانی




