٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خورماتوو.. لە دوای رێككەوتنەكەیشەوە، هاووڵاتیی كورد شەهید و بریندار كراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، ڕەوشی خورماتوو كەمێك ئارامترە و بڕیارە رۆژی سێشەممەیش كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام بدرێت. بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوویش دەڵێت، لە دوای رێككەوتنەكەیشەوە، هاووڵاتیی كورد شەهید و بریندار كراون و ماڵیشیان سووتێندراوە.

(ئەحمەد شێخ لەنگەری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دوێنێوە و دوای ئەو رێككەوتنە سێخاڵییەی كە لە نێوان برادەرانی یەكێتی و حەشدی شەعبیدا كرا، ڕەوشی شاروچكەی خورماتوو كەمێك ئارام بووەتەوە، بەڵام ئامادەباشی هەیە و شاریش چۆڵە،‌ خەڵك نیگەرانە، كۆمەڵێك تازیە هەن و شەهید و بریندار هەیە، ئەمەیش شارەكەی تەواو ماتەمبار كردووە".

(لەنگەری) گوتیشی: "بڕیارە بەپێی رێككەوتنەكە لە رۆژی سێشەممەدا هەردوولا دانیشتنێك لە شاری كەركووك ساز بكەن".

هاوكات بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕایگەیاند، لە دوای ئەوەی كە رێككەوتنەكەی دوێنێ ئەنجام درا، هاووڵاتیی كورد شەهید و بریندار كراون و ماڵیشیان سووتێندراوە، بەپێی دوائاماریش هەشت هاووڵاتی كورد شەهید بوونە و ٣٢ـی دیكەیش بریندار بوونە".

رائید (فارووق) گوتیشی، شەوی رابرد تاوەكو درەنگانی شەو، تەقە بەردەوام بوو، بەڵام ئێستا وەستاوە و تەقە نییە و دۆخەكە ئارامترە".

دەشڵێت: "رێككەوتنەكان هیچ كاتێك جێبەجێ نەكراون تاوەكو ئێستا جێبەجێ بكرێن، بۆیە ئەوەی كراویشە سەركەوتوو نابێت، هەر دوێنێیش رێككەوتنەكە پێشێل كرا".

بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە هەموو كات لەگەڵ ئاشتیداین و جێگرەوەی ئاشتی شەڕ نییە و هەر ئاشتییە، بەڵام كە نەگەینە رێككەوتن، پێویستە لەسەر ئاستی باڵا رێككەوتن بكرێت و حەشدی شەعبی لەناو ماڵەكان دەربچێت، بە تایبەت لەو ماڵە بەرزانەی ماڵی خەڵكن و داگیریان كردوون كە لەوێوە بە قەنناس خەڵك شەهید دەكەن، پێویستە چۆڵی بكەن و بارەگا حیزبییەكانیش جگە لەوانەی دوای ٢٠٠٣ ئەوانەی دیكە لەناو شار نەمینێن".

جێی ئاماژەیە، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوولا‌دا كراوە، سێ خاڵ لە خۆ دەگرێت، یەكەم: ڕاگەیاندنی ئاگربەست. دووەم: ئەو هێزەی لەگەڵ دروستبوونی شەڕەكەدا هاتوونەتە ناوشار و جووڵەیان پێ كراوە، بگەڕێنەوە دەرەوەی شار و، سێیەمیش: لەم حەفتەیەدا دانیشتنێكی تر ئەنجام بدرێت.

 

بڵند ئیبراهیم - نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار