زیرەک کەمال، کێشەکانی ئێستای عێڕاق، وهك پڕۆژەیهك بۆ رێکخستنی سەربەخۆییی کوردستان ناو دهبا

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، دەربارەی قووڵبوونەوەی ئەو کێشانەی ئێستا لە عێڕاقدا ههن گوتی، ئەو ھۆکارانەی بوونەتە ھۆی دابەشبوونی عێراق، دەبن به پڕۆژەیەک بۆ رێکخستنی سەربەخۆییی کوردستان؛ به پێویستیشی دهزانێ كه، سەرکردایەتیی کوردستان خۆی ئامادە بکات و لە ناوخۆدا دۆخێکی لەبار درووست بکا.
تا دێ کێشەی تاییفی و مەزەبییهكان لە نێوان پێكهاتهكانی عێراقدا قووڵتر دهبنهوه، دەشێ بڵێین قووڵبوونەوەی ئهمانه و کێشەگهلی دی دەبنە ھۆی بەھێزتربوونی گوتاری سەربەخۆخوازی لای هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، بهیهكجاری پچڕانی ھیواکانی کۆمەڵگای کوردی بە بەغداوە؟ ئهمه ئهو پرسیارهیه كه، (زیرەک کەمال) لهبارهیهوه دهڵێ: "ئەو ھۆکارانەی لە پشت دابەشبوونی عێراقهوهن یان دەبنە مایەی دابەشبوونی عێراق، دەبنە پڕۆژەی خزمەتکردن بە دۆزی سەربەخۆییی کوردستان، لە عێڕاقدا زۆر کێشە ھەن، راستییهكهی عێراق خۆی دەوڵەت نییە و ناویان ناوە دەوڵەت، وەک ناوێکی گەورە، بەڵام له واقیعدا دەوڵەتی میلیشیا یان دەوڵەتی ھەرکەسە و بۆخۆی، ئەمەش كێشهی ئێستا نییە و بە درێژایی مێژوو وابووە، له وا دۆخێكیشدا، پێم وایە زۆر فاکتەر و میکانیزم ھەن کە ئێمە بیکەین بە بیانوویەک بۆ ئەوەی بە دنیا بڵێین، عێڕاق دەوڵەت نییە و، ئێمه چی دی ئامادە نین لەگەڵیدا بژین، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئهم كارتهمان بە کار نەھێناوە، ئاخر لەئێستادا عێڕاق بووەتە ناشرینترین دەوڵەت لە تهواوی دنیادا. ئێستا دەیان فاکتەرمان بەدەستەوەن بە ڕای گشتیی جیھان بڵێین، ئێمە لە عێراق جیا دەبینەوە."
(زیرهك کەمال) بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ زۆر ڕووخسار و تایبەتمەندیی ھەن، دەکرێت ببنە مایەی شانازی بۆ ھەموو دنیا. بۆ نموونە ئێستا زیاتر لە نیوەی خەڵکی شوێنه داگیركراوهكانی عێڕاق ئاوارە بوون و روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، سوننە لەبەر شیعە ھەڵاتووە بە پێچهوانهكهیشی ههروا، کوردستان ئێستا نەک ھەر بۆ عارەبی عێراق، بۆ عارەبی سووریایش بووهتە پەناگایەکی ئارام، ھەموومان دەزانین وەک ھەر مافێکی پەنابهری ڕێزیان لێ گیراوە، شوێنیان بۆ دابین کراوە، ھەتا رادەیەک کوردستان بووهتە شوێنێک وەک ھۆڵەندای کۆن وێنای بكهین، کە لە ئەورووپادا ئەوانەی لە دەرئەنجانمی کێشەی نێوان شەڕی مەزەب و مەسیحییەکان ڕایاندهكرد؛ کوردستانیش سهرباری ئهوهی پەناگایەکی ئارامه بۆ گشت پێكهاتهكان، بەڵام عارەب کوردستان بە سەربەخۆ نازانن، هێشتا بە شیمالی عێراقی دادەنێن، بە خاکی خۆیانی دادەنێن!، تەنانەت ئەگەر بێت و پرسیار لەو ئاوارە عەرەبانەش بکە کە لەسهر خاکی ئێمەدا دەژین، ئەوانیش وەک ماڵی خۆیان وەک خاکی خۆیان سەیری دەکەن، نەک وەک وڵاتێکی تر."
ئهو ئەندامهی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان جهخت دهكاتهوه كه، سهرباری ئهوهی لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتیییهوه، ئەو یاسایانەی نەتەوە یەکگرتوەکان دایان ناوه، عێڕاق دەوڵەتە و دەستووری ھەیە، بەڵام لە ئهرزی واقیعدا بووهتە بەرداشێک تەنیا بۆ کورد نا بۆ نەتەوەکانی تریش ههروا.
(كهمال) دهڵێ، ''وڵاتێک فرەنەتەوە و فرەئایین بوو، تاکە شتێک چارەی كێشهكانی بکات و بنەمایەکی پتەو دابنێت بۆ پێکەوەژیانی ئەو جیاوزازیانە، (دیموکراتییە)؛ خۆی دیموكراتیهتیش له ھیچ وڵاتێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نەچەسپاوە تا لە عێڕاقدا بچەسپێ، كه ناچەسپێ. دهبێ عێراق ههڵوهشێتهوه و بەشێک لەو ھەڵوەشانەوهیهیش دەکەوێتە سەر سەرکردایەتیی کورد، دهبێ خۆی ئامادە بکا بۆ ئەو ھەلومەرجە؛ جا پێم وایە ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆییدا دۆخێکی لەبار درووست بکەین، بە وتاری سیاسی ئەو لێکترازانە سیاسییەی ھەیە نەیھێڵین، ئەوکاتە ڕای گشتیی جیھانیش گوێمان لێ دەگرێـت".
فایزە پاڵانی




