٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكیەتیی زانایان، دەستبەسەرداگرتنی پەرستگاکانی حەرام کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- یەكیەتیی زانیانی ئایینی ئیسلام،  لەبارەی حوكمی داگیركردنی شوێنە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانەوە فەتوای دا كە، "داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی هەر زەوی و شوێنێك، جا موڵكی موسڵمانان یان مەسیحی یا جوو و یاخود ئێزدی و كاكەیی یان هەر پێكهاتەیەكی تر، دروست نییە ‌و حەرامە و بێشەرعییە."


دەقی وەڵامی یەكیەتیی زانیانی ئایینی ئیسلام پێوەست بە پرسیار لە بارەی داگیركردنی شوێنە ئایینییەكانەوە:

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

دوای ئەوەی چەند بەڕێزێك داوای روونكردنەوەیان لە لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان كرد سەبارەت بە داگیركردنی شوێنە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان، بە تایبەتی ئەو شوێنە ئایینیانەی كە حكوومەتی پێشتری عێراق داگیری كردوونە وەك شوێنە ئایینی و مەزەبییەكانی موسڵمان – سوننە و شیعە- ، مەسیحی، جوو، ئێزدی، كاكەیی، هەر پێكهاتەیەكی تر .. كە تا ئێستایش خەڵكێكی تر لەسەریانە.

وەڵام/

لیژنەی باڵای فەتوا پاش لێكۆڵینەوە و تاوتووكردنی ئەم بابەتە لە چەندین دانیشتنەوە، لە كۆبوونەوەی رۆژی 5/4/2016، بە رای  سەرجەم ئەندامەكانیەوە ئەم  را یەی خوارەوەی دەربڕی:

(بێگومان داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی هەر زەوی و شوێنێك، جا موڵكی موسڵمانان یان مەسیحی یا جوو  و یا ئێزدی و كاكەیی یان هەر پێكهاتەیەكی تر ... دروست نییە و حەرامە و بێشەرعییە، چونكە موڵكی موسڵمانان و هەموو ئەو ئایین و مەزەبانەی بە ئاشتییانە لەگەڵ موسڵمانان دەژین وەكو یەك وایە و، لە روانگەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە بە هیچ شێوەیەك دروست نییە موڵك و ماڵی هیچ مرۆڤێك داگیر بكرێت، بە تایبەتی شوێنە ئایینییەكان دەبێ لە كاتی شەڕ و ئاڵۆزییشدا بە باشترین شێوە پارێزراو بن، چونكە تەنها رێگەی بستە زەوییەكیش نادرێت، لەم بارەوە پێغەمبەری سەروەرمان دەفەرمووێت: (مَن أَخَذَ شبراً مِن الأرْضِ ظُلماً؛ فإنَّه یُطَوَّقُهُ یومَ القیامَةِ مِن سَبْعِ أرضینَ) رواه الشیخان.

واتە: ئەوەی بە زوڵم دەست بە سەر بستە زەویێكدا بگرێت، ئەوا خوای گەورە لە رۆژی دواییدا لە حەوت زەوی دەیباتە خوارەوە.

 

یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

لێژنەی باڵای فەتوا

21/4/2016

 

هەواڵی پەیوەندیدار