٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

له‌ یادی 24-4دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: قۆناغه‌كه‌، یەكڕیزیی نێوماڵی كوردمان لێ ده‌خوازێ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ یادی كاره‌ساته‌كه‌ی 24-4ی قه‌ڵادزێدا رایده‌گه‌یێنێ، كه‌ پێویسته‌ لەم قۆناغە هەستیارەدا، یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بكرێتە قەڵغانێكی بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەكانی تیرۆریستان و ناحەزان و دوژمنانی كوردستان. ده‌شڵێ، بە ئەركی سەر شانی سەرجەم دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردستان دەزانین، كە لە ئاست قوربانیدانی شاری قەڵادزێی لانكی زانست و ڕۆشنبیری، خزمەتێكی شایستە بە كەسوكاری شەهیدانی ئەم كارەساتە بكرێت و، ئاوڕ لە داخوازییەكانی ئەم شارە خۆشەویستە بدرێتەوە.

ده‌قی پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە یادی بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێدا:

  ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر یەكێك لە تاوانە گەورەكانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بەرانبەر بە گەلی كوردستان تێپەڕ دەبێت، كە لە ڕۆژی 24/4/1974 دا، هێزەكانی ئەو ڕژێمە بە شێوەیەكی دڕندانە و دوور لە هەموو بەها مرۆییەكان، بە چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو، بۆردوومانی شاری قەڵادزێی ئازیزیان كرد و، لە ئاكامدا سەدان هاووڵاتی و مامۆستا و قوتابیی زانكۆی سلێمانی شەهید و برینداربوون و، شارەكە خاپوور كرا.

  لە دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵیش بەسەر ئەو تاوانەدا، شاری  قەڵادزێ لە 24/4/ 1982دا، بە ڕاپەڕینێكی جەماوەری یادی ئەم كارەساتەیان كردەوە، بەڵام هێزەكانی رژێم تاوانێكی تریان ئەنجام دا و لە ئاكامدا دوو ئافرەتی شۆڕشگێر بە ناوەكانی (دایكە ئامینە و خوشكە سنەوبەر) شەهید بوون و چەندین هاووڵاتی بریندار بوون و، بە دەیانیش دەسگیر كران.

  بۆردوومانكردنی زانكۆ و خەڵكی سڤیل لە شاری قەڵادزێ، پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسا و رێسا و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بوو، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی وڵاتە زلهێزەكانی ئەو كاتە لەئاست ئەو تاوانە بێدەنگیی هەڵبژارد، ئەو بێدەنگییەش ڕێگەی زیاتری بۆ ڕژێمی بەعس خۆش كرد كە پیلانی گەورەتر دابڕێژێت بۆ جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، تا گەیشتە ڕاددەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنجامدانی شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال و بێسەروشوێنكردنی دەیانهەزار لە خەڵكی بێتاوانی كوردستان، كە ئەمڕۆیش تیرۆریستان بەردەوامی بە هەمان سیاسەتی رژێمی لەناوچوو دژ بە گەلی كوردستان دەدەن.  
  شاری قەڵادزێ، لە قۆناغە مێژووییەكانی بزافی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، هەمیشە لە خۆڕاگری و بەرخۆدان و قوربانیداندا پێشەنگ بووە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولیشدا لەمیانەی لەخۆگرتنی تاكە زانكۆی ئەو كاتەی كوردستانەوە، مەڵبەندی زانست و ڕۆشنبیریی ناوچە ئازادەكانی شۆڕش بووە.
 
لەكاتێكدا كە یادی شەهیدانی بۆردوومانكردنی قەڵادزێ لە 1974دا و یادی شەهیدانی ڕاپەڕینە پیرۆزەكەی ساڵی 1982دا بەرز ڕادەگرین، بە پێویست دەزانین لەم قۆناغە هەستیارەدا، یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بكرێتە قەڵغانێكی بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەكانی تیرۆریستان و ناحەزان و دوژمنانی كوردستان. هەر لەم یادەدا بە ئەركی سەر شانی سەرجەم دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردستان دەزانین، كە لە ئاست قوربانیدانی شاری قەڵادزێی لانكی زانست و ڕۆشنبیری، خزمەتێكی شایستە بە كەسوكاری شەهیدانی ئەم كارەساتە بكرێت و، ئاوڕ لە داخوازییەكانی ئەم شارە خۆشەویستە بدرێتەوە. جێگەی دڵخۆشیشە كە ئەمڕۆ لەجیاتی یەك زانكۆ كە لە شاری قەڵادزێ بۆمببارانكراودا، گەلەكەمان خاوەن دەیان زانكۆی سەردەمیانە و پێشكەوتووە، كە بەردەوامی بە رەوتی خوێندان دەدەن بۆ خزمەتكردنی پێشكەوتنی زانست و گەشەكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان. 

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان.

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
24/4/2016

هەواڵی پەیوەندیدار