كورد هەلێکی ئەڵماسی لەبەردەمە

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، ھەڵێکی ئەڵماسی لەبەردەم کورددایە بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان، چونکە لە ئێستادا سهدا 98ی سنوورەکە لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە، جا بۆیە پێویستە ھەمووان پشتگیریی لە ھەوڵەکانی (سەرۆک بارزانی) بکەین بۆ ئەو مەبەستە.
ئەو سنوورە دەستکردانەی کە بەگوێرەی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ بەر لە سەد ساڵی رابردوو بۆ دابەشبوونی کوردستان کێشران، هەروەک (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند بە خوێن سنوورەکان دیاری دەکرێنەوە، ئەوەتا پێشمەرگە بە خوێن جارێکی دیکە ئەو سنوورە دەستکردانەی بڕی و ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لەسەر خاکی کوردستان هەڵدا، پێوەست بەم پرسه، چاودێری سیاسی (بەشارەت زەنگەنە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "پاراستنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بە خوێن دەتوانرێ لەدوو ڕوانگەوە تەماشای بکەین یاسایی و سیاسیی؛ ئەوەی کە یاساییە ئەنجامێک لەبەردەست نییە کە لە دەستوور پێی دەگوترێ ناوچە کێشە لەسەرەکان کە ئەمە تاڕادەیەک خەتای خۆمانی تێدابووە کە پێویست بوو پێشتر ئەمەمان یەکلایی بکردبووایەوە، لەبەر ئەوەی لەنێوان دوولایەن ناکۆکی لەسەرە و تا ساڵی 2014ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتی عێراق بە{ێوە دەبردران، بەڵام لەدوای ھاتنی داعش ئەو ناوچانە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە دەپارێزرێن و مافی خۆمانە بیانپارێزین، چونکە کێشە لەسەرن ئەمە لەڕووی یاساییەوە.
لەڕووی سیاسیەوە بەداخەوە ئەوەی بەچەک و لە شاخەوە بەدەستمان ھێنابێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەدەستمان دایە، لەبەر ئەوەی لەدە ساڵی رابردوودا بەگوێرەی دەستوور و تێکستە یاساییەکان کارمان کردووە لەسەر مێزی گفتوگۆ ھیچمان بەدەستنەھێناوە لەمەلەفی نەوت و پێشمەرگە و ناوچە دابراوەکانیشدا.
ئەو كه هاوكات مامۆستای زانكۆیشه، ڕوونی کردەوە، پێویستە له مانەوەمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم مکوڕ بین، چونکە چۆن لە فرۆشتنی نەوت سەرەتا رازی نەبوون و دواتر بێدەنگ بوون، لەمەیشدا پێویستە تەسلیمی ئەمری واقیع بن؛ وەک چۆن (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بەوە کردووە ئەو ناوچانە بە خوێن پارێزراون و بە خوێنیش دەپارێزرێن.
(بەشارەت زەنگەنە) راشیگەیاند، کێشەی ئەو ناوچانە نێودەوڵەتی نین، بەڵام رەھەندی نێودەوڵەتییان ھەیە، لەبەر ئەوەی ھەموو پێکھاتەیەکی لێیە؛ ئەمەش وای کردووە ھەموو وڵاتان قسەی خۆیان لەسەر ھەبێت، بۆیە ناتوانین باس لەوە بکەین پشتگیریی نێودەوڵەتی بەدەست دەھێنین یان نا، ههڵبهته سەرەتا پەنا دەبەینە بەر ناوخۆییەکە، کە خۆمان پارستوومانە و خۆیشمان دەیپارێزین، بۆیە ئەگەر کێشەیەک دروست بێت، ئەوکات لایەنی سێیەم بێتە ناوکێشەکە.
(زەنگە) هاوكات جهخت دهكاتهوه كه، ھەلێکی ئەڵماسی بۆ کورد رەخساوە، چونکە ئەگەر پێشتر زەوییەکەمان بەدەست نەبووە، ئێستا 98% بەدەست پێشمەرگەوەیە، بۆیە ئەگەر پێشتر چەند مكوڕ بووینە، پێویستە ئێستا 10 ئەوەندە مکوڕ بین، لەبەرئەوەی خوێنی پێشمەرگەی له پێناودا رژاوە.
(زەنگەنە) بە پێویستییەکی نەتەوەیی و گرینگی دەزانێ، بۆ داواڕۆژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، هەموولایەک پشتیوانی لە (سەرۆک بارزانی) بکەن بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چونکە کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە خاڵی هاوبەشمانە.
لای خۆشیەوە (عەدنان کەرکووکی) چاودێری سیاسی و گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک_گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم زۆر گرینگ نییە، لەبەر ئەوەی ئەوان مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەن، ئەوەی گرینگە فاکتهرە ناوخۆییەکانی کورد و پێکھاتەکانی لەو ناوچانەن، ئایا ئێمە چۆن دەتوانین بەرژهوەندیی ئەوان تێکەڵ لەگەڵ بەرژوەندییەکانی کورد بكەین و دڵنیاییان پێبدرێت، چونکە ئەوان مافەکانیان زیاتر پارێزراو دەبێ، لەبەر ئەوەی لەکاتی ریفراندۆم دەنگ بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بدەن بۆ سەرھەرێم، بۆیە لەسەر سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە، کە زەمانەت بدەن بەو پێکھاتەکان، لەبەر ئەوەی گەر بەرژهوەندییەکانیان پارێزراو بێت، پشتگیریت دەکەن، گەر نا لەگەڵت نابن.
دەیشڵێ، ھەنگاو بۆ ئەو مەبەستە نراوە، لەبەر ئەوەی لەو کاتە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی پاراستووە، کردەوەی تیرۆریستی کەمی کردووە و ھەستێکیش لای ئەوخەڵکە دروست بووە کە، ئەو ھێزە دەتوانن ئەوان دەپارێزێت و رایان زۆر گۆڕاوە.
(کەرکووکی) ئاماژەیشی دا، لەو ناوچانەدا گەر پارتی و یەکێتی کۆک بن لەسەر پرسەکان لایەنەکانی دیکەش کۆک دەبن، ئێستا جموجۆڵێک ھەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان لە سنووری کەرکووک و گەرمیان داوا دەکەن ھەنگاوی دیکە بنرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە و ھیچ لایەنێک دژی نییە.
ڕوونیشی کردەوە، ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە (سەرۆک بارزانی) دەکەن لەبارەی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر ھەرێم، ئەمەش لەسەر بڕیار دەمینێتەوە کە بدرێت، لەبەر ئەوەی ھەرێم ھیچی نەماوە لەگەڵ عێراقدا لە دەستی بدات.
بڵند ئیبراھیم




