ئێزدییەكان، لە كەشێكی ئارامدا جەژنەكەیان پیرۆز كرد

شێخان-KDP.info- بە بەشداریی دەیان كوردی ئێزدی و بەرپرسانی ئێزدی لە پەرستگەی لالش، لە كەشوهەوایەكی ئارامدا جەژنی سەری ساڵی چوارشەممەی سوور بەڕێوە چوو.
(هادی دوبانی) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری ئێزدییەكان لە پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمساڵ لە كاتێكدا جەژنی چوارشەممەی سوور بەڕێوە چوو، كە زیاتر لە 2 هەزار و 400 كوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار كراون و شارۆچكەی شنگال و دەوروبەری ئازاد كراون، ئەوەی جەژنەكەی كردە دوو جەژن، ئەوە بوو كە لە كەشوهەوایەكی ئارامدا كوردانی ئێزدی جەژنە پیرۆزەیان لە یەكدی كرد.
(دوبانی) گوتیشی: "كوردانی ئێزدی داواكارن ناوچەكانی دیكەیش ئازاد بكرێن و ئەو كەسانەی ماون لە چنگ تیرۆریستان ڕزگار بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
زیاتر دەڵێ: "كوردستان بە ڕاستی و بە پڕاكتیكی مەڵبەندی فرەئایینی و پێكەوەژیانە، جەژنی چوارشەممەی سوور، كە یەكەم چوارشەممەی مانگی نیسانە، بە ساڵنامەی شەرقی بۆ ئێزدییەكان بە كۆتاییهێنانی ساڵێك و دەستپێكی ساڵێكی نوێ ئەژمار دەكرێت".
رابین شێروانی




