قایمقامی شنگال: بەغدا داواكارییەكانمان جێبەجێ ناكات

شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال دەڵێت، چەندین جار داواكارییان ئاڕاستەی حكوومەتی عێراق كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچیان جێبەجێ نەكراون، هۆكارەكەیشی بۆ كوردبوونی ئێزدییەكان دەگەڕێتەوە.
(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەبارەت بە شنگال، سێ داواكاریمان كردووە، لەوانە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و ئازادكردنی ناوچەكانی دیكەی شنگال، حكوومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ ئەو مەبەستە ناوە، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕێ دەكەین داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ بكرێن".
(خەلیل) گوتیشی: "تاوەكو ئێستا وەكو ئیدارەی شنگال چەندین جار داواكاریمان بۆ حكوومەتی عێراق بەرز كردووەتەوە لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئاوڕدانەوە لەو شارۆچكەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ داواكارییەكی ئێمە جێبەجێ نەكراوە".
قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕوونیشی كردەوە: "هۆكاری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی ئێمە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە كوردین، ئەمەیش تاكە هۆكارە".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، كە تاوەكو ئێستا شارۆچكەی شنگال لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای مووسڵە و، ئەو پارێزگایەیش یەكێكە لە پارێزگاكانی عێراق و پێویستە بەغدا هاوكاریی شنگال بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ هاوكارییەكی نەكردوون.
بڵند ئیبراهیم




