٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەم شەڕی داعشەدا ئەمەریکا بە تەواوەتی پشتی بە کورد بەستووە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا -KDP.info-  هاتنی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ عێراق و تاوتووکردنی پرسی شەڕی داعش پەیامێکی ڕوونی بە عێراقییەکان داوە کە ئەمەریکا لەمەولا چاک شەڕی داعش دەکات و، پشتیش بە کورد دەبەستێ بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی داعش.

ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆ بە سەردانێک بۆ تاوتووکردنی پرسی شەڕی داعش گەیشتە بەغدا و لەوێدا دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و سووریادا جیددیتر دەبێ.
ئاژانسەکانی ئەمەریکا دووپاتیان کردەوە کە هاتنی کارتەر بۆ بەغدا هەم ڕاگەیاندنی پەیامێکی ئەمەریکایە بۆ لەنێوبردنی داعش و هەمیش دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی ئەمەریکایە بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە داعشدا.

کارتەر ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە کۆشکەسپی ڕەزامەندە لەسەر ئەو ڕاسپاردانەی کە بۆ گورزوەشاندنی زیاتر لە داعش لە سووریا و عێراق خراونەتە ڕوو، هەروەک ڕۆژی شەممە لە ئیماراتیشدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە گشت ڕاسپاردەکان بۆ لەناوبردنی داعش لەلایەن کۆشکەسپی ڕەزامەندیی لێ دراوە.
کارتەر لە بارەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ بە عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە کە مووسڵ یەکلاکردنەوەی جەنگی دژ بە داعشە و بۆیە ئەمەریکا ئەم پرسە بە گرینگ وەردەگرێ.
ئەم سەردانەی کارتەر بۆ عێراق سێیەم جارییەتی وەک وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دێتە عێراق؛ وەختی خۆی سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردووە.

کارتەکانی ئاشتۆن کارتەر بۆ شەڕی دژ بە داعش

یەکەم/ هێرشی ئاسمانی کە ناردنی فڕۆکەی ئێف٢٢ و ئێف٥٢ کە ئەمە بۆ وەشاندنی گورزی زیاترە لە داعش لە عێراق و سووریادا.
دووەم/ هێرشی زەوینی؛ کارتەر ڕاشکاوانە گوتوویەتی کە هێزێکی بچووک دێننە عێراق و ئەم هێزە ئیدی دەچێتە بەرەی جەنگەوە لە پاڵ ئەوەیشدا پێشمەرگە هێزی کاریگەرە و ئەمەریکا پشتی پێ دەبەستێ؛ لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێ هێزی ناوخۆیی لە عێراق و سووریادا هاوکاری بکرێن بۆ شەڕی دژ بە داعش.
سێیەم/ هێرشلە ئینتەرنێتەوە؛ کارتەر ئەمەی ڕاگەیاندووە کە دەبێ سەرچاوەی زانیاری داعش لە ئینتەرنێت هاک بکرێن و هەروەها دەبێ هێرشی ئەلکترۆنی بکرێتە سەر داعش و لەگەڵ ئەوەیشدا تەکنۆلۆژیای نوێ بخرێتە کار بۆ شەڕی دژ بە داعشدا.
چوارەم/ پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان زیاتر لە جاران هاوکاری بکرێن.
پێنجەم/ ئەمەریکا بەتەواوەتی پشت بە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دەبەستێ بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی دژ بە داعش لە عێراقدا.

شاو کوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار