سهرۆك بارزانی له یادی دامهزراندنی پارتیدا، دڵنییای دا، ئیرادەی گەل، ئاشتی، برایەتی و ڕاستگۆیی براوە دەبێت

ههولێر-KDP.info- سهرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مهسعوود بارزانی) له پهیامێكدا بەبۆنەی شەست و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكات و، سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانیش (سهرۆك بارزانی) له پهیامهكهیدا رایگهیاند "جەماوەری خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە، پشت بە خوای گەورە لە كۆتاییدا ئیرادەی گەل و ئاشتی و برایەتی و ڕاستگۆیی براوە دەبێت و، هیچ پیلانێك سەر ناگرێت كە یەكڕیزی و برایەتیی خەڵكی كوردستان بكاتە ئامانج".
دهقی پەیامی (سەرۆك بارزانی) لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی شەست و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم.
لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدە نەمرەكانمان دەنێرین كە بە خوێنی خۆیان داری ئازادی و سەربەرزیی گەلی كوردستانیان ژیاند و یادیان هەر بەرز و پیرۆز بێت. سڵاو بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد و بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی داعشیان شكاند و پارێزگاری لە كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی دەكەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم پێزانینی خۆم بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی ڕابگەیێنم و سوپاسی ڕۆحی نیشتیمانپەروەری و ئازایەتییان بكەم كە لە شەڕی دژی داعشدا كوردستان یان نەمانیان بە كردەوە پێشان دا و، بە ئامادەبوونیان لە سەنگەرەكان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە ڕۆڵێكی گرینگیان لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بینی. سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویست كە لە هەموو قۆناغە سەختەكانی ژیانی گەلەكەماندا ئەوپەڕی خۆڕاگری و كوردپەروەریتان نواندووە و تەحممولی سەختی و ئاوارەیی و ئێش و ئازارێكی زۆرتان كردووە.
گیانفیدایی بۆ پاراستنی كوردستان و دیموكراسی و سەربەخۆیی ئەو ئامانجە گرانبەهایانەن كە پارتی لەپێناویدا دامەزراوە و، بە دڵنیاییشەوە لە ئێستا و داهاتوودا پارتیی دیموكراتی كوردستان وەك ئامرازێكی بەهێز بۆ گەییشتنی گەلی كوردستان بۆ ئەو ئامانجانە دەمێنێتەوە و، پارێزەری ئەو دەستكەوتانە دەبێت كە لەگەڵ هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی لە بەدیهێنانیاندا گیڕاوە.
لە یادی شازدەی ئابدا بەڵێن لەگەڵ شەهیدەكانمان دووپات دەكەینەوە كە، پارتیی دیموكراتی كوردستان پارێزەری برایەتی و پێكەوەژیان و یەكڕیزیی گەلی كوردستان دەبێت و، دژی هەموو هەوڵێكیش دەوەستێتەوە كە بیەوێت لێكترازان و دوژمنایەتی لەنێو ڕیزەكانی گەلی كوردستان دروست بكات. پارتی هەموو توانای خۆی بۆ ئاشتی و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان و فرەلایەنیی سیاسی و سەروەریی یاسا تەرخان دەكات و، ئامانجی سەرەكیشی سەربەخۆیی و بەهێزتربوونی گەلی كوردستان دەبێت. بۆ ئەوەی دواجار هەموو لایەكمان لە ئاشتیدا بژیێن و گەلەكەمان ژیانێكی ئاسوودە و بەختەوەری هەبێت. هەر لایەنێكی سیاسیی كوردستان بڕوای بە ئاشتی و فرەلایەنی و پێكەوەیی و سەربەخۆیی گەلی كوردستان هەبێت برا و هەڤاڵ و هاوسەنگەری ئێمەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتی بۆ درێژ دەكەین.
سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانیش جەماوەری خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە، پشت بە خوای گەورە لە كۆتاییدا ئیرادەی گەل و ئاشتی و برایەتی و ڕاستگۆیی براوە دەبێت و هیچ پیلانێك سەر ناگرێت كە یەكڕیزی و برایەتیی خەڵكی كوردستان بكاتە ئامانج.
مهسعوود بارزانی
سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان
15ـی 8ـی 2015




