٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

شاندێكی ئه‌مه‌ریكا: "پشتگیری هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ین..سه‌قامگیری هه‌رێم بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-(سه‌رۆك بارزانی) پێشوازی له‌ شاندێكی ئه‌مه‌ریكا كرد و له‌میانی دیدارێكدا شانده‌كه‌ به (‌سه‌رۆك بارزانی)ـیان راگه‌یاند كه‌ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بایەخێکی تایبەتی هەیە..هاوكات پشتگیری وڵاته‌كه‌یان بۆ پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

ڕۆژی سێشەممە 11ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (برێت مەكگوورك) جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جێگری نێردەی تایبەتی (سەرۆک ئۆباما) بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و، شاندێكی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوە و  و فەرماندەی سەربازیی سوپای ئەمەریکا پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا باسی بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرا و ڕەوشی بەرەکانی شەڕ لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق و پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و ڕێگاكانی شكستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش تاوتووێ كرا.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا جەختیشیان لەوە کردەوە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بایەخێکی تایبەتی هەیە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر بەشداریی تورکیا لە شەڕی دژی داعش، خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر هاوکاری و بەشداریی هەموو لایەنەکان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و PKK خرایە بەرباس و شاندەکەی ئەمەریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستی (سەرۆک بارزانی) لەوبارەیەوە خستەڕوو و تەکیدیان کردەوە کە ئەوانیش پێیان وایە هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە بەردەوامیی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و ڕایانگەیاند کە پشتگیریی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. شاندەکە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای بە نموونەیی و سەركەوتوو وەسف كرد و پاڵپشتیی سەرۆک بارزانییان بۆ لیژنەکانی هەماهەنگی بەرز نرخاند.

هەواڵی پەیوەندیدار