پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
لە 29ـی 6ـی 2015 سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكمدا بۆ خەڵكی كوردستان ڕامگەیاند كە ئەگەر لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم لایەنەكان بەر لە 20ـی 8ـی 2015 نەگەییشتنە سازان ئەوە هەڵوێستی خۆم ڕادەگەیێنم. وەك دیارە هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم پرسە نەگەییشتوونەتە سازان و هەندێكیش سوورن لەسەر شێوازی كودەتا و، پڕۆژەیان بۆ دروستكردنی قەیران هەیە بەڵام پڕۆژەیان بۆ چارەسەركردن و پاراستنی كوردستان نییە. بۆیە هەڵوێستی خۆم لەبارەی قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە ئێوەی خۆشەویست ڕادەگەیێنم.
جەماوەری سەربەرزی كوردستان ....
سوپاس بۆ خوای گەورە كە لە گشت قۆناغەكانی خەبات و، لە هەموو ڕووداوەكان و گشت بەرپرسیارێتییە شۆڕشگێڕی و حیزبی و ڕەسمییەكاندا، لەگەڵ گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد ڕاستگۆ بوومە. هەموو كاتێك لەبەر بەرژەوەندیی گشتی هەموو راستییەكان ناگوترێن، بەڵام هەمیشە خۆم لەژێر ئەو بەرپرسیارێتییەدا بینیوە پێویستە هەر شتێك كە بە گەلەكەمان دەڵێم، راستگۆیانە بێت .
زۆر بەداخەوە كە دۆخی سیاسیی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا. لەبارەی ئەو قەیرانەی كە ئێستا گەلی كوردستانی پێوە سەرقاڵ كراوە، دەمەوێ هەندێ ڕاستی بۆ گەلی كوردستان ئاشكرا بكەم و ڕوون بكەمەوە. پێش هەموو شتێكیش دەمەوێ باسی هەندێ قۆناغی سیاسیی دوای راپەڕین بكەم، كە خۆم ڕۆڵم تێیدا گێڕاوە.
شۆڕشی كوردستان لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەریدا هەڵگیرساوە. لەو ڕوانگەیەشەوە لە دوای ڕاپەڕین لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریی فراواندا لە شاری كۆیە لە ئاداری 1991 بە خەڵكی كوردستانم ڕاگەیاند كە دەبێ هەڵبژاردن بكرێت و، شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی هەڵبژاردن و دیموكراسی و دەستوور. شانازییش بەوەوە دەكەم كە خەباتم لەپێناو دیموكراسیدا كردووە و بانگەوازم بۆ یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسیانە كردووە لە كوردستاندا. بە قوربانیدان بە ئەنجامە راستەقینەكانیش، وامان كرد كە گەلەكەمان لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا رەنجبەخەسار نەبێت، بەوشێوەیەش یەكەم پەرلەمان و حكوومەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لە مێژووی كوردستاندا دروست بوون، بۆ ئەوەی حوكمی یاسا جێگیر بێت و كوردستان ببێتە وڵاتێكی دامەزراوەیی. شانازی دەكەم كە گوتوومە نابێ كەس لە كوردستاندا لە یاسا بەرزتر بێت و، بە درێژایی كاری فەرمیی خۆم پابەندی بووم و هەوڵم داوە بنچینەكانی باڵادەستبوونی یاسا بچەسپێنرێن. لەكاتی كێشە و تووندوتیژییە ناوخۆییەكانیشدا هەمیشە هەوڵمداوە كوردستان لە شەڕ دووربخەمەوەو، كە شەڕیش هەڵگیرساوە هەوڵی دروستكردنی ئاشتیم داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتی ئێمەدا بەردەوام بێت. لەو بوارەدا ناتوانم ڕۆڵی برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال لەبیر بكەم، كە سەرەڕای ڕێگیریی ئەوانەی حەزیان لە ئاشتی نەبووە، هەوڵیدا بۆ ئاشتی و، سوپاس بۆ خوا توانیمان پێكەوە ئاشتی لە كوردستاندا دروست بكەینەوە و، لە ڕێگەی ڕێككەوتنی ستراتیژییەوە، جارێكی دیكە درێژە بە پڕۆسەی دیموكراسی بدەینەوە. هەرچەندە زۆر كەس و لایەن كەوتنە دژایەتیكردنی، بەڵام ڕێككەوتنەكە لەناوخۆ و عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ گەلی كوردستان زۆر پێشكەوتنی بە دی هێنا.
لە ساڵی 2005 لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ كێشەیەكمان نەبوو كە سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یان لەلایەن خەڵكەوە. هەرچەندە هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك بووم لەلایەن خەڵكەوە. بەلای منەوە ئەوە گرینگ بوو كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی لە كوردستاندا دروست ببێت و سەرۆكێك بێت بتوانێ خزمەتی گەل و نیشتیمان بكات، چونكە كوردستان لە دۆخێكدا بوو پێویست بوو پایەكانی دەستەڵاتدارێتیی خۆی بەهێز بكات. بەڵام ئەوكات زۆر لەوانەی ئێستا فرمێسك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمان دەڕێژن، بە خەڵكیان دەگوت "كە پارلەمانتارەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆك تووشی ئیحراج دەبن و، ناوێرن بە ئازادیی تەواو و بە باشی دەنگ بە سەرۆك بدەن. بۆیە ئەو سەرۆكەی لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، سەرۆكێكی شەرعی نییە و زادەی ڕێككەوتنی حزبەكانە و، دەیانگوت دەبێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت". ئەوە و هەندێ بابەتی دیكە وای كرد لە ساڵی 2009 كە بەرپرسیارێتیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بگرمەوە سەر شانم و، پێداگیریم كرد كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت. بەوشێوەیە هەڵبژاردن كرا و هەموو لایەكیش دەزانن سەرەڕای هەموو چەواشەكارییەكان، ئەنجامەكەی چۆن بوو.
كەچی ئێستا دەبینین بە شێوازێ خۆسەپاندن و، دوور لە بنەما و ڕۆحیەتی تەوافوق و پێكەوەبوون كە سەرۆكایەتیی پارلەمان و كابینەی هەشتەمی لەسەر دامەزراوە و دەستەڵاتی پێ بەڕێوە دەبرێت، هەندێ لایەن دەیانەوێت شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەستەڵاتەكانی بگۆڕن و، ئەوەیش مەبەستی شەخسی و سیاسی لە پشتە.
گەلی خۆشەویستی كوردستان شایەتی ئەوەم بۆ دەدات، كە بە درێژاییی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هەوڵم داوە ئارامییەكی سیاسیی ناوخۆیی لە كوردستاندا هەبێت، حیزبەكان نەكەونە وێزەی یەكتر، بەڵكو وزەی خۆیان لە پێشخستنی وڵاتدا بەكار بهێنن. هەوڵمانداوە حیزبەكان بەسەر گرفتە ناوخۆییەكانیاندا زاڵ بن بۆ ئەوەی لە عێراقدا بەهێز بین و، بتوانین یارمەتیدەری بەشخوراوانی دیكەیش بین. سەرباری ئەو قەیرانە داسەپاوانەیش، توانیمان ڕووبەڕووی داعش ببینەوە، هەروەكچۆن پێشتریش توانیمان لەبەردەم هێزی دیجلە و لەشكركێشییەكانی دیكەیشدا بوەستین.
ئەو نەفەسەی لە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ویستی لە پەرلەمانی كوردستاندا خۆی بسەپێنێت، لە نیازی تێكدانی سازان هەڵقوڵا بوو. چونكە پێش هەمووان لە 16/7/2013 داوام كرد لە پەرلەمان و هەموو لایەنەكان كە سازان لەسەر پڕۆژەی دەستوور بكەن، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوپەڕی ئامادەییی ئێمە بۆ لەبەرچاوگرتنی تێبینی و ویستی هەموو لایەنەكان. بۆ ئەوەی دەستوورێك دابنێین كە تەوافوقی هەمووانی لەسەر بێت و سیستەمی وڵاتەكەمان ڕێك بخات، بە شێوازی هەڵبژاردن و دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە كە ئەوانیش بەشێكن لە پڕۆژەی دەستوور. بۆ ڕوونكردنەوەی راستییەكان و بەبیر هێنانەوەش، دەقی ئەو دێرانە وەك خۆیان لێرەدا دەهێنمەوە كە لە پەیامەكەمدا هەبوون: "داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشناییی ئەو نامەیەم كە لە 12ـی 6ـی 2013ـدا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەوكات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و، ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمەدایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بە دەست دەهێنێت"، ئایا ئەم داوایە مانای ئەوە بووە كە من دەمەوێ لەسەر كورسی بمێنمەوە؟ یان بەو مانایە بوو وڵاتەكەمان ببێتە خاوەنی دەستوور و پڕۆسەی سیاسی لە دەنگی گەل و سازاندا بەرجەستە ببێت؟ دەیانەوێ ڕاستییەكان پێچەوانە بكەنەوە و وا پێشانی خەڵك بدەن، كە ئێمە دژی بنەماكانی دیموكراسی و یاساین و خۆیان پارێزەری یاسا و دیموكراسین. ئەوە لە حاڵێكدایە كە من بە ڕوونی داوای هەڵبژاردن و سازان و چارەسەرم لە لایەنەكان كردووە و، ئامادەیش بوومە بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوون بە یاسا.
ئێمە دەمانویست بەوشێوەیە بە گفتوگۆ و سازان لەسەر هەموو یاساكان رێك بكەوین. گەورەترین بەڵگەی ئەو هەڵوێست و روانگەیەی ئێمە، ئەوە بوو كە لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانەوە نواندمان.
ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان بە كۆدەنگیی 36 حیزبی كوردستانی لە كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكان لە كۆیە رێككەوتنی لەسەر كرابوو. ئینجا لە پەرلەمانی كوردستاندا بە دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەند كرا و، تەنیا ئەوە مابوو گەلی كوردستان لە ریفراندۆمێكدا دەنگی لەسەر بدات، بەڵام لەپێناو گەشەپێدانی ئەو سازانەی دروست ببوو، ڕازیی بووین پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان نەخرێتە ریفراندۆمەوە. بەڵام بەداخەوە هەڵپەی سەپاندنی ئیرادەی دوور لە تەوافوق و هەوڵدان بۆ ڕووشاندنی هێز و كەسایەتی و ڕەمزە سیاسییەكان لەپێش چاوی خەڵكی كوردستان، وای لێكردن تەوافوق تێكبدەن. ئەوەی ئێمە پێش دووساڵ داوامان دەكرد لەسەری رێككەون و، بە ڕۆحیەتی سازان ڕەفتارمان كرد و نەرمیمان نواند لە نەناردنی پڕۆژەی دەستوور بۆ ریفراندۆم. لەكاتێكدا هەموو لایەنەكان خەریك بوون لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە یەكتر دەچوونە پێشەوە بۆ گفتوگۆكردن، ئەوانەی بە ڕك و كینەوە بیریان دەكردەوە، لێدوانیان دەدا و دەیانگوت: "چۆن پڕۆژەی دەستوورمان پێ هەڵوەشاندنەوە بە هەمانشێوەش ناچاریان دەكەین ملكەچ بن بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەگەرنا دەبێ لە هەولێریش دەریان بكەین". لە كاتێكدا هەموو دۆخەكە زۆر ئاسایی بوو و پێویستی بەو ئاڵۆزكردن.
هەوڵی تێكدانی یەكڕیزییەكە بە ئاشكرا لەناو پەرلەمانیشدا كاری لەسەر كرا، بە پێشكەشكردنی پڕۆژەی هەندێك لە حیزبەكان بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بە زیادەی یەك دەنگ بتوانن یاساكان بگۆڕن و، دروشمەكەی خۆیان بەلاوە نا كە دەیانگوت: "دەبێ هەموو ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە بە سازان بڕیاریان لەسەر بدرێت نەك بە زۆرینە و كەمینە"، كە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم یەكێكە لەو یاسایانە. لەگەڵ ئەوەشدا دیسان هەوڵمان دا تەوافوق بپارێزم و لە 18ـی 5ـی 2015 لەگەڵ حیزبە بەشدارەكانی حكوومەت و پەرلەماندا كۆ بووینەوە و داوامان لێكردن بە سازان و بە شێوەیەكی یاسایی ئەو پرسە چارەسەر بكەن، بەڵام بەهۆی ئەو كەشوهەوایەی بە ڕق و كینەوە دروست كرابوو، هەنگاوی بۆ نەنرا.
وەك ئەرك و پابەندبوونمان بە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و، لە 13/6/2015 داوامان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد كە رێوشوێنە پێویستەكان بگرنە بەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەڵامی كۆمسیۆن ئەوەبوو كە ناتوانێ هەڵبژاردن بكات.
هاووڵاتیانی خۆشەویست
شانازی دەكەم كە بەشدارێكی سەرەكیی دانانی بناغەی دیموكراسی و ئاشتیم لە وڵاتەكەماندا، شانازی دەكەم هەر لە لاوێتییەوە پێشمەرگەی ئازادیی گەل و وڵاتەكەی خۆمم. ئەو وڵاتەی خەباتم بۆ دەكرد سەرۆكی تاهەتایی تێدا نەبووە و، ئێستایش دژی ئەوەین كە سەرۆكی هەتا مردنی هەبێت. هەر وەكوو دڵنیام گەلی كوردستان ڕێگە نادات بكەوێتە ژێر باری سەپاندنی ئیرادەیەكی خۆسەپێنەر. ئێستا گەلی كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە. ئەوانەی دەڵێن ئەوە بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك و پاساو هێنانەوەیە، خۆیان دەزانن ئەوانە راستین و بەوشێوەیە گەلی كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبەن.
كۆبوونەوەی پارلەمان لە 23ی حوزەیران هەڵگەڕانەوە بوو لە بنەمای ئەو سازانەی كە چەندین ساڵە پەیڕەومان كردووە و لەسەری ڕێككەوتبووین. هەموو داوایەكیان بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكە و دەرفەتدان بە تەوافوق ڕەت كردەوە و، ئەوەیش تێكدانێكی تەواوی ئەو متمانە و سازانە بوو كە خۆیشیان چەند ساڵ بوو بانگەشەیان بۆی دەكرد. كەچی پۆستەكان و لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق لەسەر بنچینەی ئەو تەوافوقە دابەش كراون، لەوانەیش پۆستی سەرۆكی پارلەمانی كوردستان هەرچەندە ئێستا بێلایەنی و میسداقیەتی خۆی لە دەست داوە. ئەگەر تەوافوقیش نەمێنێت دەبێ پێداچوونەوە بە هەموو ئەو ڕێككەوتنانە بكرێت كە لەسەر بنەمای تەوافوق لەنێوان لایەنەكان ئەنجام دراون.
رۆژی 16/4/2015 پەیامێكمان ئاراستەی گەلی كوردستان و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد، لەوێدا ئاگادارمان كردنەوە كە هەوڵێكی مەترسیدار هەیە بۆ دروستكردنەوەی دووبەرەكی و دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوكات كەسانێك بە خەڵكیان دەگوت ئەوە بۆ ترساندن و چەواشەكردنە، ئێستا دوای 23ی حوزەیران، جەماوەری كوردستان دەزانێت ئەو مەترسییەی ئەوكات خستمانە ڕوو، بەداخەوە بە شێوەیەكی زۆر زەق دەركەوت. هەر وەك لە چەند لێدوانێكیشدا ئەو كەسانە بێ پێچ و پەنا حەزی خۆیان بۆ پارچەكردنی كوردستان نەشاردەوە. ئێمە لە 2004 ڕێگەمان بە فیدرالیی پارێزگاكان و پارچەكردنی كوردستان نەدا و، ئێستایش رێگە بە پارچەكردنی خاك و گەلی هەرێمی كوردستان نادەین.
گەلی خۆڕاگری كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە...
لەكاتێكدا ئێمە لە شەڕێكی بەرفراوان و درێژخایەنداین لەگەڵ داعش، هەموومان ماتەمبار و خەمگینین بۆ سەدان پێشمەرگەی شەهید و بریندار، سەدان كچ و ئافرەتی رفێندراومان، بەشێكی زۆری ئاوارەی میللەتەكەمان لەژێر چادردا دەژین. بۆیە بە ڕاستی نەمدەویست هیچ پەیامێك بەمشێوەیە لەم كاتەدا بڵاو بكەمەوە، بەڵام چونكە دۆخەكەیان گەیاندە ئەو ئاستە ناخۆشە، كە وڵاتانی دراوسێ و دۆست پێماندەڵێن دروستبوونی ئەم قەیرانە هەڵەیە و زیانتان پێدەگەیەنێت. هەروەها لەبەرئەوەی مەسەلەكە بە شەخسی منەوە پەیوەست كراوە، بە پێویستم زانی ئەو پەیامە بە ئێوەی خۆشەویست رابگەیێنم.
من خۆم بە قوتابیی قوتابخانەیەكی پیرۆز دادەنێم. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی فێری كولتووری پێكەوەژیان و قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان بووین. لە شێخ ئەحمەدی بارزانی فێری ئەوەبووین كە دین پێش هەموو شتێك ئەخلاقە و، بیروباوەڕ لە كۆت و زنجیرەكان بەهێزترە. لە مەلا مستەفای بارزانی فێری ژیانی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بووین. یەكەم شتیش كە دوور لە باوك و بنەماڵەكەمەوە فێری بووم، دایكم فێری كردم كە ئەویش راستگۆیی بوو. لە تەریقەت و، مەولانا شێخ خالدی نەقشبەندی فێری تەحەممول بووین. لە پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان فێری كوردستان یان نەمان بووم، هەروەكو فێر بووم بە ئومێدەوە بەرەو ئاییندە بچم. لە دایكی شەهیدانەوە فێری بەرەنگاریی بەردەوام و خۆڕاگری بووم و، لە پێشمەرگەیش فێری بەرخودان و رەتكردنەوەی هەموو ئیرادە سەپاندنێك بووم. بڕوای تەواویشم بەوەیە سەركەوتنی گەلی كوردستان لە یەكڕیزیدایە و، ڕاپەڕینی 1991 نیشانی دا كە یەكڕیزی مەرجی سەركەوتنە.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەدوای ئەوەی لەگەڵ شاندێك كە سەفەری ئەمەریكا و ئەورووپامان كرد، ئاسۆیەكی ڕوونتر لەجاران لەبەردەم پرسی سەربەخۆیی گەلی كوردستان هاتە كایەوە. بەڵام بە دروستكردنی ئەم قەیرانە ئەم ئاسۆیە دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە. ئەو ئاسۆیەی كە گەلی كوردستان ساڵههای ساڵە خەباتی بۆ دەكات خەڵكێك هەیە وای بۆ دەچێ ئەگەر لەسەر دەستی مەسعوود بارزانی بێتە دی ئەوە نامانەوێ، بەڵام من مەمنوونی ئەو كەسە دەبم ئەو ئاواتەی گەلی كوردستان بێنێتە دی و هەر ئەوەیشە جیاوازیی نێوان من و ئەوان.
كوردستانیانی ئازیز، پێشمەرگە قارەمانەكان
هاوڕێ لەگەڵ ئێوە رێز لە سەروەریی هەموو یاساكانی وڵاتەكەی خۆمان دەگرم، سومعەی پێشمەرگایەتیی خۆیشم بە هیچ شتێك ناگۆڕمەوە، پێشمەرگەی سەربەخۆییم و ئەوەیش لە هەموو پۆستێك گەورەتر دەزانم و هەر كەس بڕوای بەو ئامانجە هەبێت، هەڤاڵ و برای ئێمەیە. هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان بە كوڕ و كچ و كەسی خۆم دەزانم. هەموو گەلانی ناوچەكەیش بە دراوسێ و دۆستی خۆمان دادەنێین. پابەندبوونی خۆیشمان بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتی و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دووپات دەكەینەوە.
سەبارەت بە سیستەمی سیاسییش، سیستەمی كوردستان پەرلەمانییە و ئەوە زۆر بە ڕوونی لە ماددەی 1ـی ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووریشدا هاتووە. لەوانەیە تێڕوانینی جیاواز لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەبێت. لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك پێشنیازی ئەوە دەكەم ئەم بابەتە گەل یەكلایی بكاتەوە و، ڕاپرسی بكرێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك. چونكە خەڵكی كوردستان هەموویان حزبی نین و نابێ مافی خەڵك زەوت بكرێت.
هەتا لە ژیاندا مابم، من خۆم بە پێشمەرگەی نیشتیمانەكەم و هەموو گەلی كوردستان دادەنێم. هەموو گەلی كوردستان لای من خۆشەویسته، هەموو تەمەنی خۆیشم بۆ ئەو گەل و وڵاتە تەرخان كرد و، هەمیشە ئەوەم بە ئەرك تەماشا كردووە و لە هەموو شتێكیش زیاتر شانازیی پێوە دەكەم. ئەوەی بۆ من گرینگە هەڵسەنگاندنی پێشمەرگە و خێزانی شەهیدان و خەڵكی خاوەن ویژدانی وڵاتەكەمە.
لە كۆتاییدا بۆچوونی خۆم بۆ دەرچوون لەم قەیرانە بۆ ئێوەی خۆشەویست دەردەبڕم:
یەكەم: بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، خۆسەپاندن و شێوازی كودەتا هیچ ئەنجامێكی نابێت و قابیلی قبووڵیش نییە.
دووەم: هەموو حزبەكانی ناو حكوومەت و پارلەمان، پەلە بكەن لە ڕێككەوتن لەسەر چارەسەرێك بە سازان كە لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیماندا بێت.
سێیەم: ئەگەر نەگەییشتینە سازان، دەبێ بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچین.
لە كۆتاییدا دەبێ هەموومان دڵسۆزانە بەردەوام بین لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی كوردستانی عێراق و، زەمینەسازیی زیاتر بۆ مافی چارەنووسی گەلی كوردستان و ئاییندەیەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان.
داوا لە پێشمەرگە خۆشەویستەكان دەكەم قەیرانی سیاسی و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم بە هیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر ورە و خۆڕاگریی ئێوەی قارەمان نەكات و، چۆن تا ئێستا دلێرانە لەبەرانبەر دوژمن وەستاون و بەرپەرچی تیرۆریستانتان داوە، هەر ئاوەهایش بە ورەیەكی پۆڵایین بمێننەوە و منیش لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستم و پاڵپشتتانم.
داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستانیش دەكەم وریا و ئاگادار بن و ڕێگە نەدەن یاری بە چارەنووسیان بكرێت.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان
سڵاو لە پێشمەرگە
سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان
مهسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
9ـی 8ـی 2015




