٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق کرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (مه‌سعوود بارزانی) له‌پێشوازی باڵیۆزی نوێی ئیمارات له‌ عێراق، سوپاسی ئیماراتی عەرەبی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی لەبواری مرۆییدا پێشکەشی ئاوارە و لێقەوماوانی کردووه‌..لای خۆیشیه‌وه‌ باڵیۆزی ئیمارات سڵاو و ڕێزی شێخ (محەمەد بن زاید) جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە (سەرۆک بارزانی) ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی٧ـی٢٠١٥، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازیی لە (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د ئه‌لشحی) باڵیۆزی نوێی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە عێراق و (راشد محه‌مه‌د مه‌نسوری) کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئیمارات له‌هه‌رێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی نوێی ئیمارات سڵاو و ڕێزی شێخ (محەمەد بن زاید) جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە (سەرۆک بارزانی) ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە بۆ یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ (سەرۆک بارزانی) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکانی ئیماراتی عەرەبی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ خواست و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و سوپاسی ئیماراتی عەرەبی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی لەبواری مرۆییدا پێشکەشی ئاوارە و لێقەوماوانی کردووە.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار