سهرۆك بارزانی بۆ داوودئۆغلۆ: بگهڕێنهوه بۆ بنهماكانی پرۆسهی ئاشتی.. ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعاتی شەڕکردن

ههولێر-KDP.info- سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان لهراگهیاندراوێكدا رایگهیاند "پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە (ئەحمەد داوودئۆغڵو)، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و (سەرۆک بارزانی) دڵگرانیی خۆی نیشان دا کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە جەختیشی کردەوە کە ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن".
دهقی راگهیاندراوی سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان:
شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا بارەگاکانی PKK ـی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆمباران کرد، دوای ئەو بۆردومانکردنە، سەعات 9:30 خولەکی پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە 25ـی7ـی2015، بەڕێز (ئەحمەد داوودئۆغڵو)، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێز (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و بەدرێژی باسی ڕەوشەکەی کرد و هۆی گەییشتنی دۆخەکەی بۆ ئاستی ئەو پەرەسەندنەی ئێستا ڕوون کردەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) دڵگرانیی خۆی نیشان دا کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە و جەختیشی کردەوە کە زۆر داومان کرد کێشەکان نەگەیەندرێنە ئاستی گرژیی زیاتر، چوونکە ئاشتی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە و ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن، بۆیە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات ڕەوشەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر.
(سەرۆک بارزانی) هەروەها تەئکید دەکاتەوە کە پێشتر هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان خستۆتەگەڕ و ئێستاش هەرچی لە توانایدا بێت بۆ نەهێشتنی ئەم گرژییە دەیخاتەگەڕ و ئومێدەوارە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی پڕۆسەی ئاشتی.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
25ـی7ـی2015




