٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی: ئێزدییه‌كان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان ددەن، ڕێگە نادەین کەسانێک چارەنووسی ئەوان دیاری بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا (سه‌رۆك بارزانی) جەخت ده‌كاتەوە، بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین و دەبێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ڕێگە نادەین کەسانێک چارەنووسی ئەوان دیاری بکەن و، سوورین لەسەر پاراستنیان و دابینکردنی داهاتوویەکی دوور لە ناخۆشی و چەوسانەوە. له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی چارشه‌مباسوور سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشی كرد كه‌، سەدان ڕۆڵەی کوردستان لە خانەقینەوە تا دەگاتە زاخۆ بە چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتییەوە هاتن و بۆ ئازادکردنەوەی دەڤەری شنگال خوێنی گەشیان ڕژایە سەر خاکی ئەو دڤەرە و شەهید بوون، خوێنێ ئەو شەهیدانە پەیامی ڕوونە کە هیچ هەوڵێک ناتوانێ کوردی ئێزدی لە کوردستان و گەلەکەمان داببڕێت.

 

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی چارشه‌مبا سوور:

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سوور، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.

کوردی ئێزدی نموونەی بەرخودان و خۆڕاگریی گەلەکەمانن کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ قڕکردن و تواندنەوەیان، هیچ دوژمنێك نەیتوانیوە كوردانی ئێزدی لەناو ببات؛ هەر بۆیە سەرەڕای دڕندەیی و هەموو کارە نامرۆڤانەکانی تیرۆریستانی داعش لە کاتی داگیرکردنی دەڤەری شنگال، نەیانتوانی ئیرادەی ئێوەی ئازیز تێک بشکێنن و بەرخودان و خۆڕاگریتان بوو بە پەیامێک بۆ هەموو دۆست و دوژمنان کە ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و، هەر لەو پێناوەشدا بوو کە سەدان ڕۆڵەی کوردستان لە خانەقینەوە تا دەگاتە زاخۆ بە چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتییەوە هاتن و بۆ ئازادکردنەوەی دەڤەری شنگال خوێنی گەشیان ڕژایە سەر خاکی ئەو دڤەرە و شەهید بوون، خوێنێ ئەو شەهیدانە پەیامی ڕوونە کە هیچ هەوڵێک ناتوانێ کوردی ئێزدی لە کوردستان و گەلەکەمان داببڕێت.

لە سایەی ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەوە ئێستا زۆربەی ناوچەکانی دەڤەری شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد کراون و، بە دڵنیاییەوە هیچ بستێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ناهێڵینەوە و، ئەم ڕەوشەی ئێستای خوشک و برایانی ئێزدی بە کۆتایی دێت و بە سەربەرزییەوە دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان؛ دڵنیاشتان دەکەینەوە کە پێشمەرگە دەبێتە شورەیەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی ئێوە و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان.

لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین و دەبێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ڕێگە نادەین کەسانێک چارەنووسی ئەوان دیاری بکەن و، سوورین لەسەر پاراستنیان و دابینکردنی داهاتوویەکی دوور لە ناخۆشی و چەوسانەوە.

مه‌سعوود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

15/4/2015
 

هەواڵی پەیوەندیدار