سەرۆک بارزانی: عێراق بەرپرسیارە و، دەبێ كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان قەرەبوو بکاتەوە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی بیستوحەوت ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا رایگەیاند کە، ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان كە لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگی هەڵبژارد. دووپاتیشی دەكاتەوە كە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە و، دهبێ كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان قەرەبوو بكاتهوه؛ پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و، ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێنرێتەوە بۆ خاكی نیشتیمان.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە بیستوحەوتەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە ساڵیادی بیستوحەوت ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین. لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كە پێشمەرگە قارەمانانە لە سەنگەری بەرگریكردندایە و ئەفسانەی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی شكاند. ئازادیخوازی و پابەندبوونی گەلی كوردستان بە بەها باڵاكانە كە هانی دوژمنانی كورد دەدات وا دڵڕەقانە پەلاماری گەلی ستەمدیدەی كوردستان بدەن. ئەمجارەیشیان دوژمنانی گەلی كوردستان بە هەمان نەفەسی دوژمنكارانە و نائینسانیانەی ئەنفالچییەكان هێرشی دڕندانەیان كردە سەر گەلی كوردستان، بەڵام خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕێگەی نەدا تیرۆریستان و دوژمنانی كوردستان بە ئامانجە شوومەكانیان بگەین.
ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهانیش كە لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگی هەڵبژارد. لەم یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و، ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێنرێتەوە بۆ خاكی نیشتیمان.
لە یادی ئەم كارەساتە دڵتەزێنەدا باشترین وەفا بۆ قوربانی و شەهیدانی ئەنفال پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان و دەستگرتنە بە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتەكەمان، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قۆناغە سەخت و تەحەدییانەی ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبێتەوە بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنین.
مهسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 4ـی 2015




