سەرۆک بارزانی: تیرۆریستان لە شکستی بەردەوامدان و هیچ داهاتوویەكیان لەم وڵاتەدا نییە

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی (ئەیاد عەللاوی) رایگەیاند کە، پێشمەرگە زۆر قارەمانانە بەرگری لە خاك و وڵات دەكات و توانی ئەفسانەی داعش تێكبشێنێت و ئێستا تیرۆریستان لە شکستی بەردەوامدان و هبچ داهاتوویەكیان لەم وڵاتەدا نییە.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی4ـی2015 لە سەلاحەدین، (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە (ئەیاد عەللاوی) جێگری سەرۆككۆماری عێراق كرد. لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆككۆماری عێراق خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە نیشان دا و دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بەسەر تیرۆریستان لە (سەرۆك بارزانی) كرد و هیواشی خواست تیرۆریستان لە عێراق بەتەواوی تێكبشكێندرێن و ئارامی و ئاساییش بۆ وڵات بگەڕێتەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی جێگری سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵی کرد و لە گوتەیەکدا جەختی کردەوە کە پێشمەرگە زۆر قارەمانانە بەرگری لە خاك و وڵات دەكات و توانی ئەفسانەی داعش تێكبشێنێت و ئێستا تیرۆریستان لە شکستی بەردەوامدان و هبچ داهاتوویەكیان لەم وڵاتەدا نییە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە ڕەوشی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی داعش کرا و جێگری سەرۆککۆماری عێراق ستاییشی هەرێمی کوردستانی کرد کە باوەشی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کردۆتەوە و وێڕای باری قورسی دارایی و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان بەڵام کوردستان نوایەکی ئارامی لێقەوماوان بووە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و رەوشی ئەمنیی و سیاسیی عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و تەئکید لەوە کرایەوە کە بۆ تێپەڕبوون لەم دۆخەی ئێستا پێویستە هەماهەنگی و هاوکاریی لەنێوان هەردوولا و هاوپەیمانێی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام بێت.




