سەرۆک بارزانی: لە ناوچەیەكدا دەژین كە هەمیشە هەڕەشەی تازە سەرهەڵدەداتەوە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازیی شاندێکی ئەڵمانیا رایگەیاند کە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە بكات و بیستهەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار كردووە. شاندی ئەڵەمانیایش رایانگەیاند کە قوربانییەكانی پێشمەرگە بە قوربانیی خۆیان دەزانن، چونكە پێشمەرگە لەبری هەمووان شەڕی تیرۆریستان دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی 4ـی 2015 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ماركوس گرووبڵ) جێگری وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەك پارلەمانتار و ئەفسەر و ڕاوێژكاریی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.
لە دیدارەكەدا شاندی ئەڵمانیا ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و، ئەوەیان خستەڕوو كە قوربانییەكانی پێشمەرگە بە قوربانیی خۆیان دەزانن چونكە پێشمەرگە لەبری هەمووان شەڕی تیرۆریستان دەكەن. هەروەها بەردەوامبوونی وڵاتەكەیشیان دووپات كردەوە لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و هاوكاریی و مەشقی سەربازیی پێشمەرگە.
هاوكات شاندی وڵاتی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆشیان نیشان دا بەو پێشكەوتن و بووژانەوەیەی لە كوردستاندا هەیە و ئاماژەیشیان بەوەدا كە گەلی ئەڵمانیا هاوسۆزییەكی كەموێنەی بەرانبەر كوردستان و پێشمەرگە هەیە و هەر ئەوەیش وایكرد كە ئەڵمانیا ئاسانتر بتوانێ بڕیاری پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە بدات. شاندی وڵاتی ئەڵمانیا هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنیان بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە خواست و جەختیان لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە هاوكار و پشتیوانی پێشمەرگە و كوردستان بوونە و ئەوەی دووپات كردەوە كە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا زۆر كاریگەر بووە.
(سەرۆك بارزانی) كورتەیەكی لەبارەی دەركەوتنی تیرۆر لە ناوچەكە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان باس كرد و ڕایگەیاند كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە بكات و، بیستهەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەدەستی تیرۆریستان ڕزگار كردووە.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی دا كە، كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا قوربانییەكی زۆری دا، بەڵام ئەو شەڕەیش وانەیەكی باش بوو بۆ گەلەكەمان كە ئێمە لە ناوچەیەكدا دەژین كە هەمیشە هەڕەشەی تازە سەرهەڵدەداتەوە و پێویستە هەردەم ئامادەی بەرگریكردن و پاراستنی خەڵكی خۆمان بین لە هەڕەشە و توندڕۆییەكان.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.




