سەرۆک بارزانی و عەبادی سەردانی کەمپی ئاوارەکانیان لە بەحرکە کرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ (سەرۆك بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسە ئیداری و سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندی حكوومەتی عێراق بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بار و گوزەرانی ژیانی ئاوارە و پەنابەران سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە بەحركە كرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 4ـی 2015 (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەییشتە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێم پێشوازی كرا.
دوای پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە (خالد ئەلعوبێدی) وەزیری بەرگریی حكوومەتی عێراق و (محەمەد سالم ئەلغەبان) وەزیری ناوخۆی حكوومەتی عێراق و دكتۆر (جاسم محەمەد) وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەریقی یەكەم (بابەكر زێباری) سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق لە شاری هەولێر لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆكی هەرێم و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەت و (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە گوتەیەكدا ئاماژەی بەو بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشانە كرد كە زیاترن لە خاڵی ناكۆكیی نێوان هەولێر بەغدا و بە پێویستی زانی كە كار لەسەر بەرژەوەندی و خاڵە هابەشەكانی هەردوولا بكرێت و پەرەی پێ بدرێت. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە حەز بە پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێم دەكات و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش پێویستیمان بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتر نێوان هەردوولا هەیە. سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئەوەیشی باس كرد كە لە شەی دژی داعشدا هیچ سنوورێك نییە بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست ئەم سەردانە سەركەوتوو بێت و دەرگە بۆ هاوكاری و لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا بكاتەوە. (سەرۆك بارزانی) باسی لە قارەمانێتیی پێشمەرگە لەدژی تیرۆریستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان بەڕووی پەڵامارێكی دڕندانەی دوژمنێكی پڕچەك و بەدڕەوشت هاتەوە و توانی تێكیبشكێنێت. (سەرۆك بارزانی) ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ ئەوەی هەماهەنگی و هاوكاریی هێزەكانی عێراق بكات لە دەركردن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.
هەر لەم دانیشتنەدا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها پڕۆسەی ئازادكردنی تكریت لە لایەن هێزەكانی عێراق و پلانی ئازادكردنی شاری مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیاریش لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سەربازی بۆ دیراسەكردنی پلانی ئازادكردنی موسڵ و لیژنەیەكی هاوبەشی تایبەتیش درا بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە بوونی هەڕەشە بۆ سەر كوردستان و عێراق هەڕەشەیەكی هاوبەشە و پێویستیشە تەواوی عێراق لە چنگی تیرۆریستان ڕزگار بكرێت. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕێگاكانی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاراستەیەكی ئیجابی وەربگرێت.
لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە (سەرۆك بارزانی) و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانیان دایەوە.
پاش پڕێسكۆنفڕانسەكە (سەرۆك بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسە ئیداری و سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندی حكوومەتی عێراق بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بار و گوزەرانی ژیانی ئاوارە و پەنابەران سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە بەحركە كرد لە نزیك شاری هەولێر.
شایانی گوتنە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن سەرۆك بارزانی بەڕێ كرا.




