بارزانی: هێشتا بڕیارمان نەداوە لە ئازادکردنی مووسڵدا بەشدار ببین.. عەبادی: زۆرێک لە کێشەکانمان تێپەڕاندوون

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) پێشوازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) بە ئەرێنی ناو برد بۆ ئاساییترکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو لا. (سەرۆک بارزانی)، دەربارەی کۆبوونەوەیشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتووین تا هەماهەنگیمان هەبێ بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەرێم کە بەشێکن لە کێشەکانی عێراق.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە پاش کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە سازیان دا، لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریی پێشمەرگە لە ئازادکردنەوەی مووسڵیش (سەرۆک بارزانی) گوتی، بڕیارمان داوە لیژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێ لە هەردوو لا، بۆ چۆنیەتیی بەشداریی پێشمەرگە و دواتر بڕیاری لێ دەدەین.
هاوکات هەریەکە لە سەرۆک و عەبادییش جەختیان کردەوە کە، هیچ پێوەندییەک لە نێوان بوودجە و هەماهەنگی سەربازیدا نییە.
لای خۆیەوە (حەیدەر عەبادی) ڕایگەیاند، ئێرە بەشێکی گرینگ و خۆشەویستە لە عێراق، بەشێکی سەردانەکەم، کە ئاساییە سەردانی برایەکی بەڕێزم کە سەرۆکی هەرێمە بکەم، زۆرێک لە کێشەکانیشمان تێپەڕاندوون؛ قسەیشمان دەربارەی هەماهەنگیکردن کردووە، لە ڕووی سەربازی، ئابووری و ، ئەمنیشەوە.
گوتیشی کە، بینیمان لە شەڕەکانی مووسڵ و دیالە و کەرکووک چارەنووسمان یەکە، کاتێک پارێزگاریمان لە خاکی عێراق دەکرد لە بەرانبەر بە هەڕەشەی تیرۆریستاندا.
دەربارەی دۆخی ئاوارەکان کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێگای لیژنەی ئاوارەکانەوە ئەرکی خۆی ئەنجام داوە و، لەوە گرینگتر دەخوازین بیانگێڕینەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئێمە دەبێ کار بکەین بۆ خەڵک و خاکی نەینەوا و، دیارە کە داعش دەیەوێ هاووڵاتیان بە هاووڵاتیان دەکوژێ. دەبێ بەر بەم سیاسەتە بگرین و داعش بەرەو لەنێوچوونە.
پێوەست بە تاڵان و دەستدرێژییەکانی حەشدیشەعبیشەوە کە لە اکتی ئازادکردنی شاری تکریت ئەنجام دراوە، (عەبادی) گوتی، هەر دەستدرێژی و زیادەڕۆییێک لە تکریت ڕەت دەکەینەوە، چونکە پێوەندی بە هێزەکانی عێراق و حەشدیشەعبییەوە نییە و، متمانە دەدەین بە هاووڵاتیان کە ناهێڵین دەستدرێژی بکرێ. هەڵبەت لێرە و لەوێ ئەم دەستدرێژیانە دەبن، بەڵام ئێمە بەرەوڕوویان دەبیتنەوە و سزایان دەدەین.
زیاتر دەربارەی داعش دوا و گوتی، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا قسەمان لەسەر پرسی داعش کرد و، دەڵێین نابێ تۆڵەکردنەوە هەبێ. دیارە کە تاوانی زۆر و گەورە لەسەر دەستی داعش ئەنجام دراون، بەڵام دەمانەوێ لە ڕێگەی دادگاوە لەگەڵ ئەم پرسەدا مامەڵە بکەین.
لەبارەی کاتی ئازادکردنی شاری مووسڵیش (عەبادی) ڕایگەیاند، کاتی دیاری کراوە بۆ جووڵەکردن بەرەو مووسڵ، بەڵام ڕایناگەیەنین؛ دەمانەوێ ورەی بەرانبەر بڕووخێنین.. خەڵكێکی زۆریش لە ناو مووسڵ هەن و پێوەندیم پێوە دەکەن و خەڵکی مووسڵیش ڕۆڵی کاریگەریان دەبێ لە ئازادکردنی شارەکەیاندا.
عەبادی، بڕیارمان داوە کۆی کێشەکان چارە بکەین.
دەربارەی بوودجە گوتی، ئێستا کێشەیەکی وا نییە، ڕاستە کە بوودجە ەبشی عێراق ناکات و پارێزگاکانیش ناڕازین لەو پشکەی کە وەریدەگرن.
عەبادی حەشدیشەعبی خۆبەخشن و لە ەهرێمیش هەن کە دژ بە داعش دەجەنگن، ئەوەی کە باس دەکرێ لە خراپەکارییەکانی حەشدیشەعبی تۆمەتەبخشینەوەیە، چونکە نابێ هەڵەی هەندێک کەس بەرپرسارەتییەکەی بخرێتە ئەستۆی هەمووان و ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە. حەشد ڕۆڵەی عێراقن و ەبڵگەی یەکڕیزی گەلە کە خۆبەخشانە پارێزگاری لە خاکی عێڕاق دەکەن.
عەبادی گوتی، حکوومەتی عێراق پشکی هەرێم دەنێرێ و دەربارەی مووجەی فەرمانبەرانی بن دەستی داعشیش دەڵێ، حکوومەت لەم پرسەی کۆڵییەوە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک مووچە نادەین بە داعش، ەبڵام هاووڵاتیان لە هەر کوێیەک هەن، ،مافی خۆیانە کە مووچە وەر بگرن.




