سەرۆک بارزانی: بۆ پێشمەرگە شەرەفێکی مەزنە پارێزگاری لە پێکهاتە جیاجیاکان دەکات

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی نوێنەری تایبەتی سەرۆككۆماری چیك (جان فۆلیك)دا رایگەیاند کە، بۆ پێشمەرگە شەرەفێكی مەزنە پارێزگاری لە پێكهاتە جیاجیاكان دەكات..هاوکات (جان فۆلیک) رایگەیاند کە، وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕەكاندا بریندار دەبن.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی 4ـی 2015 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (جان فۆلیك) نوێنەری تایبەتی سەرۆككۆماری چیك و (جارۆسڵاڤ ڕیف) كۆنسووڵی گشتیی وڵاتی چیك لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆككۆماری چیك پێزانینی هەبوو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لەبەرانبەر تیرۆریستان لە (سەرۆك بارزانی) كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە كە هاوكاریی پێشمەرگە بكات، چونكە پێشمەرگە پارێزگاری لە بەهاكان و جیهانی ئازاد دەكات. جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هەروەها دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕەكاندا بریندار دەبن.
نوێنەری تایبەتی سەرۆك كۆماریچیك سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە یارمەتیی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەیان داوە و بوونەتە پەناگە بۆ ئاوارە و پەنابەران و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە، داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان پەرەی پێ بدرێت.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی چیكی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی هەرێمی كوردستانن و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشان دا كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێن. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بۆ پێشمەرگە شەرەفێكی مەزنە پارێزگاری لە پێكهاتە جیاجیاكان دەكات و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە خەڵكی كوردستان هیچ جۆرە دەمارگیرییەكی ئایینی و نەتەوەیی بەرانبەر پێكهاتەكان نییە، جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ناچێتە نێو ئەو ململانێ تاییفییەی ئێستا لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.
هەر لەم دیدارەدا چۆنییەتی هەماهەنگیی زیاتر و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چیك قسەی لەبارەیەوە كرا.




