بروسكەی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی پاتریاركی كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بۆ كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی قەداسەتی پاتریارك مار دەنخای چوارەممان بیست، كە لە 26ـی ئاداری 2015 لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریكا كۆچی دوایی كردووە.
خوالێی خۆش بێ ڕابەر و كەسایەتییەكی كاریگەری ئایین له عێراق و جیهان بوو و، ڕۆڵی هەبوو لە قووڵكردنەوەی تەبایی و برایەتی و، هەموو كات پەرۆشی پێكەوەژیان و ئاشتیی نێوان پێكهاتە و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكان بووە.
بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی دەستەی كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات و تێكڕای باوەڕدارانی ئەم كەنیسەیە و خانەوادە و كەسوكاری خواڵێی خۆش بێ قەداسەتی پاتریارك مار دەنخای چوارەم دەكەم. لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەكمان ببەخشێت و قەداسەتی پاتریاركیش بباتە بەر ڕەحمەت و دلۆڤانیی خۆی و ڕۆحی شاد بێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
27ـی ئاداری 2015




