حکوومەتی هەرێم بە بەڵگە سەلماندی کە نەوتی پێویستی هەناردە کردووە

هەولێر-KDP.info-وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گشت داتاکانی خستە ڕوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی پێویستی لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە کردووە.
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە، حکوومەتی هەرێم پابەندە بە وادەی دیاریکراوەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە باتی حکوومەتی فیدراڵ؛ هاوکاریشە لە زیاترکردنی هەناردە و داهاتی نەوتدا لە کاتێکی یەکجار گرنگدا بۆ سەقامگیری و یەکەتیی وڵات.
لەگەڵ پابەندبوونی بە بەندەکانی یاسای بوودجەی ٢٠١٥ـی فیدراڵەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکو کۆتایی شوبات نزیکەی ٩٧%ـی ئەو نەوتە خاوەی ناردووە بەندەری جەیهانی تورکیا، کە بۆی دیاری کراوە لە لایەن سۆمۆوە بینێرێت.
لە بەرامبەردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە حکوومەتی فیدراڵیش بە گوێرەی یاسای بوودجە، هەقە یاساییە مانگانەکەی هەرێمی کوردستان و، پارەی هێزەکانی پێشمەرگەیش دابین بکات.
ڕێکەوتنە کاتیەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٤
بەندەکانی پەیوەست بە نەوتەوە لە یاسای بوودجەی ٢٠١٥ـی فیدراڵدا لە ئەنجامی زنجیرەک دەستپێشخەری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرە نوێیەکەی نەوت هاتنە ئاراوە. لە ئارەزوویەکی دوولایەنەوە سەرچاوەیان گرت بۆ کۆتاییهێنان بەو ناکۆکییە زیانبەخش و درێژخایەی سەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و، بڕە تەرخانکراوەکانی بوودجە بۆ هەرێم کە لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە لە بەغدا دروست بوبوون.
لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ـدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ڕێکەوتنێکی کاتی لەگەڵ بەغدا بۆ دابینکردنی بڕی ١٥٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە لە نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی بۆ سۆمۆ لە بەندەری جەیهان. لەبەرامبەردا، حکوومەتی فیدراڵ ڕازی بوو بە ناردنی ٥٠٠ملیۆن دۆلار بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر یەکێک لە سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٤. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی نەوتەکەی دابین کرد و بەغداش پارەی مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی نارد، بەڵام پارەی مانگی کانوونی یەکەمی نەنارد.
سەرباری ئەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە ڕێبازی پراگماتیکی و بنیاتنەرانەی خۆی و لە کانوونی یەکەمدا گەیشتە ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کە حکوومەتی هەرێم لە ٢٠١٥ـدا تێکڕای ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان ڕۆژانە بۆ سۆمۆ دابین دەکات لە بەندەری جەیهان و، ئاسانکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی ٣٠٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەو نەوتەڵانانی کەرکووکەوە کە کۆمپانیای نەوتی باکوور کاریان تێا دەکات ــ واتە تێکڕا کۆی ٥٥٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕازی بوو بە ئاسانکاریکردن بۆ ڕۆیشتنی نەوتی قەتیسبووی نەوتەڵانەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە ڕێگای لوولەنەوتەکانی خۆیەوە بەرەو تورکیا. لوولەنەوتە سەرەکییەکەی عێراق-تورکیا لە سەرەتای ٢٠١٤ ەوە لە لایەن داعشەوە تێک شکێنراوە و، لەو کاتەوە لە کار کەوتووە.
ڕێکەوتن کرا لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕێکخستنە نوێیەی هەناردەکردن لە بوودجەی فیدراڵی ٢٠١٥ـدا بچەسپێت.
ئەمەش بە هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگ دانرا بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان هەردوو لادا و بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی گشتگیر لەسەر هەموو مەسەلە هەڵپەسێراوەکانی پەیوەست بە نەوت و گازەوە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا.
٨ ی کانوونی دووەم – تێگەیشتنی لایەنەکان
کۆبوونەوەیەکی تری باڵای دوو لایەنە لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ـدا لە وەزارەتی نەوت لە بەغدا کرا، بۆ بەرفراوانکردن و باشترکردنی ئەو هاوکاریە نوێیەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵ.
کۆبوونەوەکە، کە وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێک کەوتن:
- لە یەکەم سێ مانگی ٢٠١٥ دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٣٧٥هەزار بەرمیل ڕۆژانە، وەک ڕێژەیەکی تێکڕایی ڕۆژانە، دەنێرێت بۆ سۆمۆ.
- بۆ باقی ساڵەکە، بڕە گواستراوەکان بەرز دەبنەوە بۆ زیاتر لە ٦٠٠،٠٠٠ بەرمیل ڕۆژانە بۆ تەواوکردنی ڕێژە تێکڕاییە ڕۆژانەکە کە بریتیە لە ٥٥٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە بۆ هەموو ساڵەکە.
- هەردوو لا ڕازی بوون بۆ دانانی نوێنەرایەتی هاوبەش لە "هەموو ئەو شوێنانەدا کە لایەنەکان بوونیان هەیە،" بە تایبەتی لە جەیهان، پیشخابوور (وێستگەی پێوانەکردنی سنووری عێراق-تورکیا) و ئاڤانا.
- دانانی سیاسەتێکی هاوبەشی یەک-نرخی لەلایەن هەردوو لاوە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهان لە ١ـی شوباتی ٢٠١٥ـەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی مەواسەفاتی هاوبەشی نەوتی خاو.
- دابینکردنی گازی سروشتی خاو لە نەوتەڵانی بایحەسەن و ئاڤاناوە بۆ دەزگای گازی باکوور (بۆ بەکارهێنانی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە).
- پێشکەشکردنی هاوکاری بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ و پسپۆڕ لەپێناو سیانەکردنی وێستگەی پەمپی ئاڤانا (وێستگە تۆرباینییەکان).
- پشکنینی هەردوو یەکەی جیاکردنەوەی گازی سارد (لە لایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە) لە هەنجیرە و شۆراو بۆ بەکارهێنان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- وەرگرتنی گازی خاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و چارەسەرکردنی لە دەزگای گازی باکوور و گێڕانەوەی گازی چارەسەرکراوی ووشک بۆ بەکارهێنانی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- بەشداربوونی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە پلانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و لە لیژنەی دانانی نرخ و هەرەوەها کردنەوی نووسینگەی پەیوەندیداری هەردوو وەزارەت (وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی نەوت) بۆ هەماهەنگی و بەدواداچوون.
- پاش پەسەندکردنی بوودجەی ٢٠١٥، گفتوگۆ لە بەرزترین ئاستدا دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو مەسەلە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە نەوتەوە.
لە کۆبوونەوەیەکی دواتردا کە لە ٢٢ – ٢٣ی کانوونی دووەمدا ئەنجامدرا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ڕێکەوتن لەسەر خشتەیەکی ورد بۆ ناردنی بڕەکانی نەوت بۆ سۆمۆ لە بەندەری جەیهان، واتە ٢٥٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە لە کیڵگەکانی کوردستانەوە و ٣٠٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە لە نەوتەڵانەکانی کەرکووکەوە.
پەسەندکردنی بوودجەی ٢٠١٥
بەرامبەر ئەم پێشینەیە لە ڕێکەوتن و تێگەیشتنەکان، بوودجەی فیدراڵ، بە بەندەکانی پەیوست بە نەوت و گاز و پارەی تایبەتی پێشمەرگەوە، لە لایەن پەرلەمانەوە لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا لە بەغدا پەسەند کرا.
بوودجەکە ئەم بەندانەی خوارەوەی بە ڕوونی تێدا چەسپێنرا:
ماددەی یەک (ب)
حسابکردنی داهاتەکانی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە لەسەر بنەمای تێکڕای نرخێک کە (٥٦) دۆلارە بۆ یەک بەرمیل و تێکڕایەکی هەناردەکردن کە (٣،٣٠٠هەزار) بەرمیل ڕۆژانەیە، لەوانەش (٢٥٠هەزار) بەرمیل ڕۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان و (٣٠٠هەزار) بەرمیل ڕۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە ڕێگەی پارێزگای کەرکووکەوە و تۆمارکردنی هەموو داهاتە بەدەستهاتووەکان، وەک داهاتیی کۆتای ڕاستەقینە، لە حسابی خەزێنەی گشتی دەوڵەتدا.
ماددەی ١٠
یەکەم:
پشکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە (١٧%)ی سەرجەمی خەرجیەکان دیاریکراوە (کە ڕوونکراوەتەوە لە خەرجیەکانی حاکیمەدا) و هاوپێچە بەم یاسایەوە و لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەدرێت.
دووەم:
پشکی ١٧%ـی هەرێمی کوردستان لە کۆی فیعلی خەرجییەکان دیاری دەکرێت.
پێنجەم:
تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە تەخسیساتی هێزی پیادەی فیدراڵی سوپای عێراق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، بەو پێیەی بەشێکە لە دەزگای ئاساییشی عێراق.
ماددەی ١١
سێهەم:
ئەگەر هەر لایەک (حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان) پاپەندبوونەکانی خۆی پەیوەست بە نەوت و داراییەوە بەدی نەهێنا کە ڕێکەوتنی لەسەرکراوە لەم بوودجەیەدا، ئەوا لایەنەکەی تر ناچار نیە بە بەدیهێنانی پاپەندبوونەکانی خۆی ئەگەر پابەندبوونی پەیوەست بە نەوتەوە بن یان دارایی.
هاوکاری تەکنیکی پاش بوودجە
نەوتی خاوی هەرێمی نەوتەڵانەکانی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی باکوور لە ڕێگەی هێڵی لوولەنەوتیەکانی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ تانکیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیا. لەوێوە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ تانکییەکانی سۆمۆ.
لە لایەن هەردوو لاوە دانیپێدانراوە کە بەهۆی پێویستیە تەکینکیەکانی ئەو ژێرخانەی کە نەوتەڵانەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و لوولەنەوتیەکانی حکوومەتی هەرێم پێکەوە دەبەستێتەوە، نەوتەڵانەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور ناتوانن لە چارەکی یەکەمی ٢٠١٥ دا بڕی ٣٠٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە پێشکەش بکەن.
هەنووکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی باشترکردنی هێڵی لوولەنەوتی خورمەڵە-فیشخابوورە لەسەر تێچووی خۆی بۆ زیادکردنی توانستی لوولەنەوتەکە. وا چاوەڕواندەکرێت ئەم کارە لە کۆتایی مانگی ئازاردا تەواو ببێت. کاتێک توانستی لوولەنەوتەکە لە کەرکووکەوە زیادی کرد، ئەوا چاوەڕواندەکرێت بڕی نەوتیش لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات بۆ بەدیهێنانی تێكڕای ساڵانەی مەبەست کە بریتیە لە ٣٠٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە و بەدیهێنانی ئەو بەشەی خۆی لە پابەندبوون بۆ بڕی ٥٥٠هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕازیە لە ئاستی هاوکاری تەکنیکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور لەکەرکووک بەڵام هێشتا چاوڕێی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی حکوومەتی فیدراڵە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنی ٨ـی کانوونی دووەم (پەرەگرافی ٦ لە تێگەیشتنی ٨ـی کانوونی دووەم). حکوومەتی هەرێم پاپەندبوونەکانی خۆی بەدیهێناوە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە.
وەستانی کار و چالاکییەکان
شایانی تێبینی کردنە کە لە یەکەم دوو مانگی ٢٠١٥ـدا، چەندین وەستانی بەرچاوی هەناردەی نەوت ڕوویانداوە لە عێراقەوە بەهۆی وەستانی ڕۆیشتنی نەوتەوە لە لوولەنەوتیدا لە بەرە تورکیەکەی سنوورەوە. لە کانوونی دووەم و شوباتدا، ئەم جۆرە وەستانانە بوونەتە هۆی لانی کەم ١٥% ی نوقسانی بڕی فەراهەم لە لوولەنەوتیدا.
ئەم جۆرە وەستانانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نین و وەک حاڵەتی ناچاریی دادەنرێن لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە.
هەروەها شایانی تێبینی کردنە کە پڕبوون یان نەمانی جێگە لە تانکیەکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهان وای لە سۆمۆ کردووە لە چەند بۆنەیەکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە کە لە توانستیاندا نییە بە پێی خشتەی پێشکەشکردنی پلان بۆ دانراو نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. ئەو کاتەی سۆمۆ نەوت دەنێرێت بۆ تانکەرەکانی یان بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی، ئەوا ناتوانێت هیچ نەوتێک لە تانکیەکانی حکوومەتی هەرێمەوە وەربگرێت.
بە کورتی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێکەوتنی نەوتە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا و پابەندیش دەبێت بە یاسای بوودجەی ٢٠١٥ـەوە.
لەسەر ڕێچکەی خۆیەتی بۆ پێشکەشکردنی بڕە بەڵێندراوەکانی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بۆ سۆمۆ لە بەندەری جەیهان، و هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهاتووی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.
خشتە هاوپێچەکانی ئەم ڕاگەیەنراوە بە ڕوونی پیشانی دەدەن کە پابەندبوونی ڕێکەوتن لەسەر کراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت بۆ حکوومەتی فیدراڵ بەدی هاتووە.
تاوەکو ئەمڕۆ، حکوومەتی فیدراڵ کەمتر لە ٢٠%ـی پشکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بوودجە بۆ مانگی کانوونی دووەم دابین کردووە و هیچیشی بۆ مانگی شوبات دابین نەکردووە.




