٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: ڕاپەڕین وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ژیانی گەلی كوردستاندا بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە پەیامێكدا بۆ بۆنەی یادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی 1991 و ئازادبوونی شارەكانی كوردستان لە ژێر دەستەڵاتی بەعسدا، ڕایگەیاند: "ڕاپەڕین وانەی یەكڕیزی و بەگژهاتنەوەی زوڵم و داگیركاری و سەركەوتنی گەلەكەمانە و پێویستە ئەم وانەیە ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو قۆناخەكانی خەباتی گەلەكەمان". (سەرۆك بارزانی) دووپاتیشی دەكاتەوە: "ئێستا كە گەلەكەمان قۆناخێكی هەستیار و دژوار بەسەر دەبات و لەگەڵ تیرۆریستان لە شەڕدایە، زیاتر لە هەموو كاتێك دەبێ دەست بە یەكڕیزییەوە بگرین و دەستكەوتەكان بپارێزین و سەركەوتن بۆ گەلەكەمان مسۆگەر بكەین".

ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان..
بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی 1991 و ئازادبوونی شارەكانی كوردستان لە ژێر دەستەڵاتی بەعسی شۆڤێنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و لایەنە سیاسی و گشت چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم. لەم یادە پیرۆزەدا سوپاسی خەڵكی خۆڕاگر و شەهیدپەروەری كوردستان دەكەم كە بە خوێنی خۆیان پشتگیریی پێشمەرگەیان كرد و داستانی ڕاپەڕینیان تۆمار كرد.
ڕاپەڕین درێژەپێدەری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و، وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ژیانی گەلی كوردستان بوو كە ئازادی و دەستكەوتی گرانبەهای لێ كەوتەوە. ڕاپەڕینی گەلی كوردستان و پێشمەرگە لەدژی زوڵم و داگیركارییدا نیشانەی بەهێزیی ئێرادەی گەلی كوردستان بوو لەدژی چەوساندنەوە و داگیركاریدا و، پەیامێكیش بوو بۆ هەموو جیهان كە گەلی كوردستان هیچ كاتێك ژێردەستی و ستەم قبووڵ ناكات.
ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان بۆیە سەركەوت، چونكە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان یەكڕیز بوون و لە یەك سەنگەردا بوون. ئەم سەركەوتنە مەزنە بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە ئێمە هەر كات یەك بووبین دەستكەوتی مەزنیش بۆ گەلەكەمان بەدی هاتووە. ئەگەر هەندێك جار سەرباری خەبات و قوربانیدانێكی زۆر، دەستكەوت بۆ گەلی كوردستان بەدی نەهاتبێت ئەوە مانای بەهێزیی دوژمنان نەبووە، بەڵكو نەبوونی یەكبوون و یەكڕیزی وای كردووە دەستكەوت بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر نەبن.
ڕاپەڕین وانەی یەكڕیزی و بەگژداهاتنەوەی زوڵم و داگیركاری و سەركەوتنی گەلەكەمانە و پێویستە ئەم وانەیە ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو قۆناخەكانی خەباتی گەلەكەمان. ئێستایش كە گەلەكەمان قۆناخێكی هەستیار و دژوار بەسەر دەبات و لەگەڵ تیرۆریستان لە شەڕدایە، زیاتر لە هەموو كاتێك دەبێ دەست بە یەكڕیزییەوە بگرین و دەستكەوتەكان بپارێزین و سەركەوتن بۆ گەلەكەمان مسۆگەر بكەین.
بژی كورد و كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
5ـی 3ـی 2015

هەواڵی پەیوەندیدار