٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

یوئێن: بارزانی بەردەوام پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی یوئێن لە عێراق ڕایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق كە بەردەوام پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كردووە، لە هەمانكاتیشدا هۆكارێك بووە بۆ لەیەكترنزیككردنەوەی پێكهاتەكانی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوانیان.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (نیكۆلای ملادینۆڤ) نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە كۆتایی بە ئەرك كارەكانی لە عێراق هاتووە سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڵوێستی لایەن و پێكهاتەكانی عێراق لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خستەڕوو و داوایشی كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی و ئەمنییەی عێراقی گرتووەتەوە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوانیان بەردەوام بن.
پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا  نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە كە دیدار و سەردانی شاندەكانی هەردوولا یارمەتیدەدەر دەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق كە بەردەوام پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كردووە و لە هەمانكاتیشدا (سەرۆك بارزانی) هۆكارێك بووە بۆ لەیەكترنزیككردنەوەی پێكهاتەكانی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوانیان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كارە تازەكەی و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری خۆی و سەرۆكوەزیرانی عێراق لە شاری میونیخ ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی و حكوومەتی نوێی عێراق بدات و لەم ڕوویەشەوە هەنگاوی ناوە.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئاشتەوایی نیشتیمانی پێویستە نییەتی لایەنەكان بۆ نەهێشتنی كێشەكان هەبێت و كولتووری كاری پێكەوەیی و شەراكەتیش باڵادەست بێت.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەدییاتی بەردەم ئاییندەی گەلانی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار