سەرۆكی بارزانی ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرز نرخاند

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) ماندووبوون و ئەرك و كاری ڕۆژانەی ستافی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە قەیرانەكان و بەهاناوەچوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارەکاندا ڕۆڵێكی زۆر باشیان بینیوە، بە ئەركێكی پیرۆز وەسف كرد و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنیانی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیاندا.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (عەزیز شێخ ڕەزا) سەرۆكی دەزگا و دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاستی ئەو هاوكارییە مرۆڤییانە خرایە بەر باس كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە خێرخوازەكان پێشكەشی ئاوارەكان كراوە. هەروەها شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی جموجۆڵ و چالاكی و هاوكارییە مرۆڤییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەند مانگی ڕابردوو، ڕاپۆرتی چالاكییەكانیان خستەڕوو كە بریتی بوو لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی ڕۆژئاوا و خوشك و برا ئێزدییەكان لە چیای شنگال و كەمپەكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان لە خانەقین هەتا زاخۆ و باشووری عێراق و گەیاندنی هاوكاری و كەلو پەل و خۆراك و پێداویستیی دیكە بۆ كۆبانێ و هەروەها گەیاندنی خۆراك و كەلوپەلی پێویست بۆ برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان.
هەر لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەرك و كاری ڕۆژانەی ستافی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كرد كە لە ماوەی ڕابردوو و لە قەیرانەكان و هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە ڕۆڵێكی زۆر باشیان بینیوە لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و پێشمەرگەكان و بە ئەركێكی پیرۆزی وەسف كرد و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنیانی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیاندا. هەر لەم دیدارەدا بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری باشتر و یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو، (سەرۆك بارزانی) ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستەڕوو.




