٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی: ژمارەی ئاوارەكان و ئاستی كارەساتەكە زۆر گەورەیە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) ڕایگه‌یاند كه‌، ژمارەی ئاوارەكان و ئاستی كارەساتەكە زۆر گەورەیە و حكوومەت و خەڵك و ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی كوردستان هەموو هەوڵێكیان خستو وه‌ته‌ گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان، به‌ڵام وه‌ك (سه‌رۆك بارزانی) ده‌ڵێ، چارەسەری سەرەكیی بۆ ئاوارەكان ئەوەیە كە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ئەوەیش بە دەركردن و نەهێشتنی تیرۆریستان دەكرێت.
ئه‌م قسانه‌ی (سه‌رۆك بارزانی) له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دیداره‌دا بوو كه‌ ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین لەگه‌ڵ (داڤید میلیبەند) سەرۆكی كۆمیتەی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی و وەزیری پێشووی دەرەوەی به‌ریتانیا و شاندێكی یاوەری سازی دا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی مرۆیی عێراق و كوردستان و گوزەرانی ئاوارەكان خرایە بەر باس و قسە لەبارەی چۆنییەتی یارمەتیدانی ئاوارەكان و باشتركردنی باری مرۆیی ئەو خەڵكە كرا كە لە ئەنجامی پەلامار و هەڕەشەكانی داعش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
هەروەها سەرۆكی كۆمیتەی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی وێڕای ئاماژەدان بەو بارە قورسەی لەسەر شانی هەرێمی كوردستانە لە بواری حەواندنەوەی ئاوارەكان ئەوەی بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد كە كۆمیتەی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی ئەرك و كارەكانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەست پێ كردووە و لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپایی و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان لە بارودۆخی خەراپی ئاوارەكان و هەروەها ئەو ئەرك و بارە قورسەی لەسەر شانی هەرێمی كوردستانە ئاگادار بكاتەوە. هەر پەیوەست بەم باسەوە (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە ژمارەی ئاوارەكان و ئاستی كارەساتەكە زۆر گەورەیە و حكوومەت و خەڵك و ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی كوردستان هەموو هەوڵێكیان خستو وتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و كوردستانیش پێشوازی لە هەر جۆرە یارمەتییەك دەكات كە پێشكەشی ئاوارەكان بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چارەسەری سەرەكیی بۆ ئاوارەكان ئەوەیە كە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ئەوەیش بە دەركردن و نەهێشتنی تیرۆریستان دەكرێت.

هەر لەم دیدارە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ناوچەكە و جیهان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار