٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە توانی لەسەر ئەرز ئوستوورەی داعش تێك بشكێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازیی شاندێکی هاوبەشی سەربازی و سیاسیی ئەمەریكادا رایگەیاند، پێشمەرگە توانی لەسەر ئەرز ئوستوورەی داعش تێك بشكێنێت. هاوکات فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا گەتی، سوپای ئەمەریكا ئەوەی لە توانای دابێت بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە دەیكات.


ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـی 2ـی 2015 لە سەڵاحەدی،ن سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سەربازی و سیاسیی ئەمەریكا كرد كە پێك‌هاتبوو لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا و (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (ژۆزێف پێنینگتۆن) كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و پێزانینی هەبوو بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئاماژەیشی دا بە هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە كە ئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە و، گوتیشی "بە بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییە لە ئاییندەیشدا بەیەكەوە هەنگاوی باش دەنێن." فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەو بارە قورسەی لە شەڕی تیرۆردا لەسەر شانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانە ئەوەی دووپات كردەوە كە، سوپای ئەمەریكا ئەوەی لە توانای دابێت بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە دەیكات.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە گیانفیدایی و قوربانیدانی پێشمەرگە كە توانی لەسەر ئەرز ئوستوورەی داعش تێك‌بشكێنێت، سوپاسی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانانی كرد بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و، پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانی بە كاریگەر وەسف كرد. (سەرۆك بارزانی) هێمای بە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش دا و ئەوەی خستە ڕوو كە، تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەم شەڕە لە خۆی دوور بكاتەوە و لە مەترسییەكانی بەدوور بێت.
(سەرۆك بارزانی) لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە تەك چارەسەری سەربازی، شەڕی فیكری داعش بكرێت و سەرچاوەی داهاتیان وشك بكرێت و ڕێگەی هاتوچوویان بگیرێت و ئازادیی هاتوچووی تیرۆریستان لە نێوان وڵاتان نابێ لەسەر حیسابی ئاساییشی جیهانی بێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەرێم و بەغدا لە شەڕی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئازادكردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەماهەنگیی هێزە عێراقییەكان لە شەڕی داعش باسی لەسەر كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئازادكردنی كۆبانێ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و شاندی میوان ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی هێز كوردییەكانی كۆبانێی بەرز نرخاند و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ دووپاتكردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەم كۆبوونەوەیەدا (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و (ئەنوەر حاجی عوسمان) بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و (فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان) و (فەریق جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار