٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

کۆنفرانسی ئاسایشی جیهان، بارزانی و عەبادی کۆ کردەوە.. لێک نزیکتر دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) و سەرۆکوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی)، لە دووەم ڕۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن، کە ئەمڕۆ شەممە بوو، کۆ بوونەوە و هەردوولایشیان بە ئەرێنی باسی کۆبوونەوەکە دەکەن و وەهایش ڕێککەوتوون، نزیکتر هاوکاری و هەماهەنگی لە نێووانیاندا هەبێ.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، دەربارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)ـدا، (حەیدەر عەبادی) گوتی، هەماهەنگی باڵا لە ڕووی هەواڵگری و سەربازییەوە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە؛ ڕوونە کە لە ڕووی ئابوورییشەوە ڕێکەوتن لە نێوان هەردوو لادا کراوە و لە پڕۆژەی بوودجەیشدا جێگیر کراوە، پشتگیری ڕێککەوتنکە دەکەین و قووڵتری دەکەینەوە، تا ڕێککەوتنەکە بەردەوامی هەبێ."

سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاتر گوتی، "زۆر بە لامانەوە گرینگە هەماهەنگی بکەین بۆ ڕزگارکردنەوەی شاری مووسڵ، خەڵکی مووسڵ هاووڵاتی عێراقن و پێویستە لەسەرمان بیانپارێزین و بەرگرییان لێ بکەین،" جەختیشی کردەوە، "هەروەک چۆن من سوورم لەسەر ڕزگارکردنی مووسڵ، هەمان سووربوونیشم لە لای (سەرۆک بارزانی) بە دی کرد، گەشبینیشم بە پێوەندیی نێوانمان؛ هەڵبەت دەبێ ئەوە بڵێم کە خەڵکی مووسڵ خۆیان بنەمای سەرەکیی شارەکەیانن."

لای خۆیەوە (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە کە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوویان ساز داوە و تێیدا باسی شتگەلێکیان کردووە، هاوکات دەڵێ "ڕێککەوتووین کە لەمەودوا نزیکتر لە یەک و ئاگاداری یەکدی بین و هاوکاری وهەماهەنگیی زیاتر لە هەموو بوارەکاندا لە نێووانماندا هەبێ."

لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمە یەکەمجارە (عەبادی) و (سەرۆک بارزانی) لە میونشن کۆ ببنەوە و هەردوولایش کۆبوونەوەکەی نێوانیان بە "زۆر باش" ناو ببەن.
 

 

هەواڵی پەیوەندیدار