لە گەرمیان باندێك دەستگیركران.. بە ناوی ئاساییشەوە پارەیان لە هاووڵاتیان سەندووە

گەرمیان-KDP.info- لە سنووری گەرمیان پاش ئەوەی چەند كەسێك بە ناوی ئاساییشەوە پارەیان لە هاووڵاتیان دەسەند و ئەشكەنجەی ژمارەیەك هاووڵاتییان دا، هێزەكانی ئاساییشی گەرمیان توانییان چوار تۆمەتبار دەستگیر بكەن كە دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاساییشی گەرمیان، نەقیب (عوسمان عەبدولكەریم)، بە kdp.info-ی راگەیاند، پاش بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و تەواو پێوەست بە دەنگۆیەك لە ناحیەی رزگاری كەوا چەند تۆمەتبارێك بە ناوی ئاساییشەوە هەستاون بە ئەشكەنجەدان و رێگەگرتن و سەندنی پارە لە هاووڵاتیان، رۆژی 8/12/2014 لە لایەن هێزەكانی بنكەی ئاساییشی رزگاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی گەرمیان، تواندرا چوار تۆمەتبار دەستگیر بكرێن.
نەقیب (عوسمان) گوتیشی، ئەو تۆمەتبارانە هەموویان تەمەنیان لە خوارەوەی 20 ساڵانە و خەڵكی ناوچەكەن و هەموویشیان كوردن.
ناوبراو ئەوەیشی خستە ڕوو، پاش ئەوەی دۆسێیەكەیان خرایە بەردەستی دادوەری لێكۆڵینەوە هەر چوار تۆمەتبار دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوەیش لەو دۆسێیە بەردەوامە.




