چین 170 تۆن یارمەتیی مرۆیی گەیاندە هەولێر

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دوو فڕۆكەی وڵاتی چین 170 تۆن یارمەتیی مرۆییان گەیاندە هەولێر كە پێك هاتوون لە دەرمان و بەتانی و خیوەت، هاوكات كۆنسووڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەرێم (تان بانگ لین)، راگەیاند كە هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ ئاوارەكان بەردەوام دەبێت.
لە دڕێژەی پرۆسەی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئاوارەكانی نێوخۆی عێراق و وڵاتی سووریا لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوو فڕۆكەی بارهەڵگر كە 170 تۆن یارمەتیی مرۆیی وڵاتی چینیان هەڵگرتبوو، گەییشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
لە مەراسیمی وەرگرتنی یارمەتییەكان و رادەستكردنی بۆ دەستگا پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم، جێگری پارێزگاری هەولێر (تاهیر عەبدوڵڵا) جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكان (كاروان جەمال) و كۆنسووڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەرێم (تان بانگ لین)، ئامادە بوون.
جێگری پارێزگاری هەولێر بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی گەل و حكوومەتی چینی كرد كە ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار بەشداریی بەرچاویان لە گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم هەبووە و گوتی لایەنە پێوەندیدارەكان لە حكوومەتی هەرێم و مانگی سووری عێراقی لقی هەولێر ئەم یارمەتیانە وەردەگرن و بە زووترین كات دەگەیەنرێنە ئاوارەكان.
كۆنسووڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەرێم (تان بانگ لین) ئاماژەی دا، "ئەم بڕە یارمەتییە كە پێك هاتووە لە 170 تۆن بەتانی، دەرمان و خێوەت، بەشدارییەكی بچووكە لە چوارچێوەی ئەو كۆمەك و یارمەتیانەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشكەشی ئاوارەكان دەكرێت، هیودارین گەییشتنی ئەم كاروانەی یارمەتی بۆ ئاوارەكان ببێتە هۆی كەمكردنەوەی بەشێك لە ئێش و ئازاری ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان".
هەروا گوتی، حكوومەتی چین بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی یارمەتییەكان و ئەم پڕۆسەیەیش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ئەنجام درا، چونكە ئەوان زانیارییان لەسەر جۆری یارمەتییەكان هەیە بە تایبەت بۆ ئەم وەرزە. كۆكردنەوە و ئامادەكردن و گەیاندنی بۆ هەرێمی كوردستان، نزیكەی مانگێكی خایاند.




