سەرۆک بارزانی: دەستکەوت و سەرکەوتنی مەزن لە کۆبانی بەدیهات

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) لە دیداری پێشمەرگانە كرد كە لە كۆبانێ بۆ هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە، ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا بەرز نرخاند و ئاماژەی دا كە، "تەنیا پێشمەرگەیە توانیویەتی هێرشی تیرۆریستان ڕابگرێت و تێكیانبشكێنێت و ئەوەیش شەرەفێكی گەورەیە كە بە دەست و بازووی پێشمەرگە ئەو سەركەوتنانە تۆمار كراون." دووپاتیشی کردەوە، "ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە ئەگەر ڕێگە هەبێت، خوشك و برایانمان لە كۆبانی پێویستیان بە یارمەتی هەبێت، ئێمە یارمەتییان دەدەین."
ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 12ـی 2014 لە سەڵاحدەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) لە مەراسیمێكی تایبەت و بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و بریكاری وەزیری پێشمەرگە(ئەنوەر حاجی عوسمان) و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی بەخێرهێنانەوەیان پێشوازی لەو پێشمەرگانە كرد كە پاش بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە كۆبانی گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا بە گەرمی بەخێرهاتنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كرد كە دوای بەجێگەیاندنی ئەرك و ڕاسپاردە سەربازییەكان بە سەركەوتوویی بۆ هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە.
(سەرۆك بارزانی) ئەركی پێشمەرگەی لە كۆبانی بە پیرۆز و بەرز وەسف كرد و گوتی "ئێوە سەروەرییەكی گەورەتان بۆ خۆتان و خانەوادە و وڵاتەكەتان تۆمار كردووە، شەرەفی یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان بەر ئێوە كەوتووە و ئەوە سەروەرییەكی زۆر مەزنە."
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بە پێشمەرگەكان گوت كە "جێگەتان لە دڵی میللەتی كوردە و سەری ئێمەتان بەرز كرد و دەستتان خۆش بێت." ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەو پێشمەرگانەی دەچنە كۆبانی و بەرگری لە خوشك و براكانیان دەكەن، نوێنەری هەموو پێشمەرگە و هەموو كوردستانییەكی دڵسۆزن و ڕایشیگەیاند كە، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی دوژمنی تووشی نائومێدی كرد و دەستكەوت و سەركەوتنی مەزن لە كۆبانی بەدیهات.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا بەرز نرخاند و ئاماژەی دا كە، "تەنیا پێشمەرگەیە توانیویەتی هێرشی تیرۆریستان ڕابگرێت و تێكیانبشكێنێت و ئەوەیش شەرەفێكی گەورەیە كە بە دەست و بازووی پێشمەرگە ئەو سەركەوتنانە تۆمار كراون."
(سەرۆك بارزانی) لە قسەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە كە "لە هەموو حاڵەتێكدا نابێ ئێرادەی گەلەكەمان بشكێت و ئیرادەی گەلی كوردستانیش خۆی لە ئیرادەی پێشمەرگە دەبینێتەوە و سەركەوتنی پێشمەرگە بە مانای سەركەوتنی ئێرادەی گەلی كوردستانە."
(سەرۆك بارزانی) لە قسەكانیدا باسی لە هەڕەشەكان و سەرەتای دروستبوونی داعش كرد و ئەوەی خستەڕوو كە دوژمن پێشبینی نەدەكرد پێشمەرگە و گەلی كوردستان خۆیان بگرن و هەروەها جیهانیش یارمەتیی گەلی كوردستان بدات، بۆیە پەلاماری كوردستانی دا. (سەرۆك بارزانی) جەختیشی كردەوە كە خۆڕاگریی پێشمەرگە پێگە و ناوبانگێكی بەرزی بۆ گەلی كوردستان بەدیهێناوە و ئەو پێگەیە بە هیچ سامانێك دروست نابێ تەنیا بە خۆڕاگری و قوربانیدان نەبێ.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی ئەوەیشی كرد كە لە یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە كۆبانێ بەردەوام دەبین و گوتی "ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە ئەگەر ڕێگە هەبێت، خوشك و برایانمان لە كۆبانی پێویستیان بە یارمەتی هەبێت، ئێمە یارمەتییان دەدەین."
لە كۆتایی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە قارەمانانە نارد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و هیوای خواست خودای مەزن بە بەهەشتی خۆی شادیان بكات.




