بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی كۆ بووەوە.. 5 تەوەری گرینگ شڕۆڤە كران
__2014_12_09_h16m18s42__LB.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە و، لە كۆبوونەوەكەدا پێنج تەوەری سەرەكی شڕۆڤە كران و دەستخۆشی لە سەرۆكوەزیرانی كوردستان و شاندی یاوەری كرا بۆ رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی بەغدا و بە ئەرێنێ هەڵسەنگێندرا.
دەقیی راگەیانراوی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان
بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی)، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیمان پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادە بوونی هەڤاڵان، ئەندامانی ئەنجوومەن، لە رۆژی 9/12/2014 ئەنجام درا. دوای خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان، چەند تەوەرێك بوون بە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە و گفتوگۆیان لە بارەوە كرا.
تەوەری یەكەم: شرۆڤەكردنی باری گشتی
كۆبوونەوە پێوەست بە بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەكە بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی گفتوگۆی كرد و، بە گرینگییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كرد كە، راستەوخۆ كاریگەرییان هەبووە لەسەر عێراق و كوردستان و ئاڵوگۆڕی بەسەر زۆر لە پێوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ یەكتری و لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهاندا هێناوە و هاوكێشەی نوێیان دروست كردووە.
لەم سۆنگەیەیشەوە بارودۆخی عێراق و سووریا ئاڵۆزییەكی زۆریان تێدا دروست بووە، كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كۆی پَیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە كۆبوونەوە بە نیگەرانییەوە ڕوانییە هەڵكشانی ئیرهاب لەم دوو وڵاتە كە بەداخەوە كوردستانیشی گرتووەتەوە.
خەڵكی كوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەكی جیددیدایە و ئەم هەڕەشەیەیش كاریگەریی لەسەر تەواوی كایەكانی ژیاندا هەبووە، بەڵام خەڵكی كوردستان، بە تەواوی چین و توێژە و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بەوپەڕی هەست بە بەرپرسیارەتی و خۆڕاگرییەوە بەرەنگاری ئەو هەڕەشە جیددیانە بوونەتەوە. كۆبوونەوە ئەم هەڵوێستەی جەماوەری كوردستان بەرز دەنرخێنێ و دەستخۆشییان لێ دەكات.
هەروەها كۆبوونەوە سوپاسی قارەمانی و نەبەردییەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە بە ئازایەتی و دڵسۆزییان سەرنجی هەموو دەوڵەت و خەڵكی جیهانیان راكێشاوە و هەموو لایەك سەرسامیی خۆیان لەو ئازایەتی و قارەمانییە نەشاردووەتەوە.
تەوەری دووەم: پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیداراڵیدوای هەڵكشان و داكشان لە پەیوەندییەكان و روودانی كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە بەغدا، پەیوەندییەكان رووەو ئاساییبوونەوە دەچن و بەشداریی خەڵكی كوردستان لە پێكهێنانی كابینەی بەڕێز (حەیدەر عەبادی)، سەرەرای هەبوونی چەند تێبینییەك لەسەر شێوازی راگەیاندنەكەی، بەڵام كۆبوونەوە، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لە بەرژەوەندیی هەردوولا دەبینێ و، لەو روانگەیەیشەوە پشتیوانی و دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری دەكات بۆ رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی بەغدا و بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنێ. هیوادارین ئەزموونی كابینەی پێشوی بەغدا دووبارە نەبێتەوە و رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.
تەوەری سێیەم: بارودۆخی ناوخۆی كوردستان
دوابەدوای روداوەكانی مووسڵ و سەرەڕۆیی داعشی ئیرهابی، زیانی گەورە بەر كوردستان كەوت، بە تایبەتی لە شنگال و ناوچەكانی دیكە تا دەگاتە جەلەولا، بەڵام رووداوە دڵتەزێنەكانی شنگال كاریگەریی و ئاسەواری زێدەتری لە هەموو ناوچەكانی دیكە هەبوو. بەڵام سەركردایەتیی حەكیمانەی جەنابی سەرۆكی هەرێم و ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە و فەرماندەكانیان، بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان و دۆستان و هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی، بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بەری تموحاتی تیرۆریستانی گرت و زۆربەی ناوچەكانیان لێ پاك كراوەتەوە و ئومێد دەكەین بەم زووانەیش شنگالیش ئازاد بكرێ و تەواوی زیانە ماددی و مەعنەوییەكان قەرەبوو بكرێنەوە، ئینجا هەموو پێكەوە لە هەوڵی سڕینەوەی كاریگەریی و ئاسەواری ئەو شەڕە داسەپاوە بین، بە تایبەتیش ئەوەی لە شنگال رووی دا و هاوڵاتیانی كوردی ئێزدی لە سەرووی هەموویانەوە.
تەوەری چوارەم: پێوەندییەكانی ناوخۆی كوردستان
كۆبوونەوە ئەم یەكهەڵوێستی و تەباییەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم خەڵكی كوردستانی بەرز نرخاند، چونكە سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونەكان، بەڵام یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هەموو لایەك لە بەرانبەر كێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان جێگای خۆشحاڵین و مایەی بەهێزبوونی گەلەكەمانە، لە بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی لەمێژینەیان. كۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەهێزبوونی گەلەكەمان، هەموو تواناكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی هاوپەیمانەتی و یەكهەڵوێستیمان لە كوردستان كە، بەم یەك هەڵوێستییە توانراوە هاوكار بین لە پشتیوانیی كوردستانی رۆژئاوا وێڕای هەبوونی شەڕێكی گران بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر، ئینجا چەك و هێزی پێشمەرگە رەوانەی كۆبانی بكات لە جێی خۆیدا دەزانین. لێرەدا پشتیوانیی خۆمان بۆ پەرلەمان و جەنابی سەرۆكی هەرێم دەردەبڕین بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی بۆ رۆژئاوای كوردستان بە گشتی و كۆبانی بە تایبەتی دەكرێت و، سوپاسی هەڵوێست و هاوكاریی گەلی كوردستان لە هەموو پارچەكاندا دەكەین.
تەوەری پێنجەم: بارودۆخی رێكخستن و ناوخۆی پارتیمان
1. كۆبوونەوە دوای تاوتووكردنی بابەتیانەی هەماهەنگی و هاوكاری و بەشداریی لق و ناوچە و دامودەستگاكانی پارتیمان لەو شەڕە داسەپاوەی تیرۆریستان بەسەر كوردستاندا، دەستخۆشی لە هەموو لایەك كرد بە كادیر و ئەندام و لایەنگران، كە خۆبەخشانە لە بەرەكانی جەنگ لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكاندا بەرسنگی دوژمنیان گرتووە، هەر ئەوەیش لە پەیڕەوانی رێبازی پیرۆزی بارزانی چاوەڕوان دەكرێت. لێرەدا داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین تەواوی شەهیدەكانی خۆبەخش وەكو شەهیدانی پێشمەرگەی سەنگەر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت لە تەواوی ماف و ئیمتیازاتەكاندا.
2. پارتیمان، هەر لە سەرەتاوە باوەڕی تەواوی بە مافی گەلان هەبووە لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بۆیە بە باشی دەزانین هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی بەردەوام بێت.
3. كۆبوونەوە، خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی كوردستان دەربڕی، هاوكات داواكارین، بەشداریكردنی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان (توركمان و كلدان، ئاشوور و سریان) لە دیاریكردنی نوێنەر لە لایەن خۆیانەوە بێت، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەنددارەكان دەكەین رێكارە یاساییەكان لەو رووەوە ئەنجام بدەن.
4. كۆبوونەوە دوای شرۆڤەكردنی زرووفی مەوزوعی و هەڵسەنگاندنی تەواوی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی بەستنی كۆنگرەی چواردەیەم، هەموو لایەك گەییشتنە ئەو بڕوایەی بارودۆخەكە بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرە لەبار نییە، بۆیە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە ماددەی (22) ـ بڕگەی سێیەم ـ خاڵی یەكەم، تەمەنی یاسایی نێوان كۆنگرەی سێزدەیەم و چواردەیەمی بۆ یەك ساڵ درێژ كردەوە، بە ئومێدی ئەوەی لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا هەر كاتێ زرووفی مەوزوعی لەبار بوو، كۆنگرە ببەسترێ.
لە كۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان و سەروەریان (بارزانیی نەمر) و (كاك ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو و، لە خوای گەورە داواكارین بریندارەكانیش شیفا بدات.
سڵاو لە خۆڕاگریی پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان.
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان
9ـی كانوونی یەكەمی 2014




