٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی: لە یەكە ئیدارییەكانی سلێمانی بێبەش كراوین.. داوا لە یەكێتی و گۆڕان دەكرێ داوای لێبووردن بكەن

سەرچاوە: KDP.info
کۆبوونەوەيەکي پێشووتري ئەنجوومەني پارێزگاي سلێماني.

سلێمانی-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیستی زەرد (دانا شەهید جەزا)، رایگەیاند كە، داوا لە هەردوو فڕاكسیۆن دەكەم داوای لێبووردن لە خەڵكی سلێمانی بكەن، بەهۆی رێكنەكەوتنی ئەوانەوە، سلێمانی بە ناجێگیری مایەوە، لە هەمان كاتدا داوا دەكەین ئەم ڕێككەوتنە نەبێتە مایەی پشتگوێخستنی لایەنەكانی دیكە و دوورخستنەوەیان، چونكە ئەگەر وابكرێت ئەمە نابێتە حكوومەتێكی خۆجێیی بنكەفراوان".

دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگای سلێمانی لە نێوان گۆڕان و یەكێتی، پارتیی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات لە مافەكانی بێبەش نەكرێت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیستی زەرد (دانا شەهید جەزا)، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گووت، "  داوا لە هەردوو فڕاكسیۆن دەكەم داوای لێبووردن لە خەڵكی سلێمانی بكەن، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی ئەوانەوە سلێمانی بەناجێگیری مایەوە، لە هەمان كاتدا داوا دەكەین ئەم ڕێككەوتنە نەبێتە مایەی پشتگوێخستنی لایەنەكانی دیكە و دوورخستنەوەیان، چونكە ئەمە نابێتە حكوومەتێكی خۆجێیی بنكەفراوان".

گوتیشی، "ئێمە وەك مافی خۆمان كە 10%-ی دەنگەكانمان هەیە، داوای ئەو مافە دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ڕێژەیە لە بەرنامەی خۆمان تێكەڵی بەرنامەی لایەنەكانی دیكە بكەین و خزمەتی شاری سلێمانی پێ بكەین، ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا نەبێت، ئەوا ئێمە وەك پارتی قورسە ئەو نایەكسانییە قبووڵ بكەین، چونكە خەڵك هەمووی دەزانێت پارتی تەنیا سێ چوار كورسیی نییە لە سلێمانی، واتە كورسی تەنیا پێوەر نییە بۆ پارتی، پارتی حزبێكی بنكەفراوان و خاوەنی جەماوەر و مێژووە لە كوردستان و نابێت بەو تەسكبینییەوە سەیری بكرێت".

(دانا شەهید جەزا) ئاماژەیشی دا، ئەگەر ئەو مافە كەم بكرێتەوە و تەنیا بەشدارییەكی ڕەمزیانە بێت، ئەوا ئێمە قسەی خۆمان دەبێت، دوو پێوەریشمان بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریكردن یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن هەن، پێوەری یەكەم لە مەكتەبی سیاسیی پارتییەوە دەبێت، پێوەری دووەمیش  یان گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی كە دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی لێیە و لە بەڕێوەچوون و بەرەوپێشچوونەكانی ئەم شارە ئاگادارن، بۆیە پارتی بۆ هەموو سنوورێك بەرنامەی خۆی هەیە و ئەو بەرنامەی لە سلێمانییش هەیە، نابێت وەك هەولێر و دهۆك بێت، واتە بەرنامەكان جیاوازن و هەر شوێنە و سرووشتی كاركردنی خۆی هەیە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی كردەوە كە، "ئامانجی ئێمە كاركردنە لەسەر ئەو بنەمایەی كە باشترین خزمەتی شاری سلێمانی بكەین، بەڵام ڕەچاوی ئەوەیش دەكرێت قورساییمان لە سلێمانی چەندە، بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر پێداگیری لە مافەكانی خۆمان، بەڵام ئێستا لەسەر ئەو پۆستانە لە هەوڵی گفتووگۆداین و كۆمەڵێك چوارچێوەی گشتیمان بۆ خۆمان داناوە كە بریتییە لە چۆنیەتیی كاركردن و وەرگرتنی پۆستەكان، هەر كاتێكیش ئەم شتانە چوونە گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە، داواكان پێشكەش دەكەین و چاوەڕێ دەكەین بگەینە ڕێككەوتنێك".

لای خۆییشەوە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیستی پارتی (زیاد كاكە ڕەزا)، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند ، "ئێمە 1/10ـی دەنگەكانمان لە پارێزگای سلێمانی بە دەست هێناون، بۆیە دەمانەوێت لەم حكوومەتە خۆجێییەی سلێمانیدا بەشداری بكەین، چونكە بە هۆی شەڕی ناوخۆوە هیچ پۆستێكی ئیداریمان لە سلێمانی نەبووە، بۆیە ئەگەر گۆڕان و یەكێتی ئەم حكوومەتە خۆجێییە دروست بكەن و مافی خۆمان بدەنێ، بەشداری دەكەین، بە پێچەوانەوە لە هاوكێشەكە بكرێینە دەرەوە، ئەوا دەبینە ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئێستا لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكەوە تا پارێزگار هیچ پۆستێكمان نییە، ئەمە بە كێ قبووڵ دەكرێت حزبێكی گەورەی وەك پارتی هیچ پۆستێكی لەم پارێزگایەدا نەبێت".

(زیاد کاکە رەزا) جەختی کردەوە کە "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بوونەتەوە و بە ئارەزووی خۆیان پۆستەکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەرینیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردوون، بەڵام  بۆ چوار لیست سێ قایمقام و پێنج بەرێوبەری گشتی و حەوت بەرێوبەری ناحیەیان داناوە، لە کاتێکدا قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان بەپێی رێککەوتنی سیاسی یەکلایی کراوەتەوە و، بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردنیش ئێمە دوو قایمقام و زیاتر لە دوو بەرێوبەری گشتیمان بەردەکەون، بەڵام رەنگە لە بەرێوبەری ناحیەکان پشکی خۆمان وەربگرین."

(زیاد كاكە ڕەزا)، ئەوەیشی خستە ڕوو كە بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی كە كراوە پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتییە و سەرۆكی ئەنجوومەنیش بۆ گۆڕانە، ئەوەی دیكە كە دەمێنێتەوە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتی و قایمقامەكانن، بۆیە لە نێوان سەرجەم لیستەكاندا گفتوگۆ بۆ ئەو پۆستانە دەكرێت و پارتی لەو گفتوگۆیانە هیچ كات بە كەمتر لە 10% ڕازی نابێت.

دووپاتیشی کردەوە کە، سبەی داواکارییەکانیان دەخەنە ڕوو و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیان ئۆپۆزسیۆنبوونیان رادەگەیەنن.


كارزان هەورامی- بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار