سیروان سیرینی: بەجیددی كاردەكەین بۆ ئەوەی مالیكی دادگای بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی رایگەیاند كە، بەدوای تەواوبوونی پشوی پەرلەمانی عێراق، كاری جیددی دەكەین و بە فەرمی داوا دەكەین كە، بەڕێگەی لیژنەی دەستپاكی یاخود بەرێگەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (مالكی)، بدرێتە دادگا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی (سیروان سیرینی)، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گووت، "(مالیكی) لێرەو لەوێ بەردەوام لێدوان دەدات و دەیەوێت تەواوی ئەو تاوانكاریانە بشارێتەوە كە ئەنجامی داون، ئەویش لە ئاكامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی بووە كە لە كاتی حوكمی خۆی لە عێراقدا پێڕۆی كرد، وەك سیاسەتی پەراوێزخستن و پڕچەككردنی سوپای تایفەگەری، زوڵم و ستەمێكی زۆری لە ناوچە سوننەنشینەكان كرد كە بەگوێرەی یاسا فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بووە و هەموو راسپاردە و رێنماییەكان راستەوخۆ لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە وەردەگیرێن، پێمان سەیرە كە كەسێك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووبێت و سەرقاڵی هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستانیش بوو بەو سوپا دۆڕاوەی خۆی. ئەمڕۆیش بیەوێت ئەو تاوانە بەوە بسرێتەوە و بڵێ سوپای عێراقی فەرمانیان لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، نازانم بە چ یاسا و دەستوور و بڕیارێك سوپای عێراقی فەرمان لە هەرێمی كوردستان وەردەگرێت بۆ ئەوەی پاشەكشە بكات، ئەو تۆمەتەیش زۆر منداڵانە و بێبنەمایە، ئەگەر بشیەوێ بەوە خۆی پاك بكاتەوە، زۆر بە هەڵەدا چووە".
پێوەست بە هەڵوێستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوی ئەو كارەساتانەی كە لە ئاكامی سیاسەتی چەوتی (مالیكی) بەسەر خەڵكی عێراقدا هاتوون، (سیرینی) گوتی، "پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنەكانیش پێداگری بكەن بۆ ئەوەی تەواوی ئەو كارەساتانەی كە لە ئاكامی سیاسەتی چەوتی (مالیكی) بەسەر خەڵكی عێراقدا هاتوون، لە سپایكەر و مووسڵ و شنگال و شوێنەكانی دیكەی عێراق، بخرێنە ئەستۆی ئەو و پێویستە بدرێتە دادگە، چونكە ئەوانە كارەساتی زۆر گەورەن و خەڵكێكی زۆر تێیاندا بوونەتە قوربانی و زەرەرمەند بوون، بۆیە ناكرێت هەموو ئەوانە هەروا بە ئاسانی تێپەڕن و بە چەند لێدوانێكی بێبنەما، ئەو تاوانانەی خۆی پاك بكاتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "لەبەر ئەوەی تا ئەمڕۆ عێراق بە بارودۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، هەر لە سەرقاڵبوون بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و رێككەوتنەكان و شەڕی تیرۆرەوە، نەیاندەویست كێشە زیاتر دروست ببێت، بەڵام ئێستا كاتی هاتووە و دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەڵوێست وەربگرێت، بۆیە لە دوای تەواوبوونی پشووی ئەمجارەمان، كاری جیددی بۆ دەكەین و بە رەسمی داوا دەكەین چ لە رێگەی لیژنەی دەستپاكی یاخود لە رێگەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بێت بۆ ئەوەی (مالیكی) بدرێتە دادگە".
زیاتر گوتی، "(مالیكی) لووتبەرز و خۆبەزلزانە و وا دەزانێ هەر (مالیكی)ـیەكەی جارانە كە كۆمەڵێك هەوڵی زۆریشی دا تەنیا بۆ ئەوەی لە حكوومدا بمێنێتەوە و هەمیشە دەیەویست كێشە دروست بكات بۆ ئەوەی (حەیدەر عبادی) سەركەوتوو نەبێت و بڵێت خەڵك داوا دەكات كە (مالیكی)ـیان دەوێت، ئەمانەش هەمووی دروستكراو بوون. مەبەستیشی ئەوە بوو حوكمم بگرێتەوە دەست، بەڵام جارێكی دیكە (مالیكی) نایاتەوە سەر حوكم و پێویستە بێدەنگ بێت، چونكە بێدەنگنەبوونی ئەو و بەردەوامبوونی لەو جۆرە لێدوانانە، لە بەرژەوەندی خۆی و عێراقیشدا نییە".
پێوەست بە هەبوونی بەڵگە لەسەر هەموو ئەو كەیسانەی مالیكی، (سیروان سیرینی) ئاماژەی دا، "بەڵگە زۆرن، بەڵام تا ئێستا بارودۆخی عیرَاق لە رووی ئەمنی و یاساییەوە لەبار نەبووە كار لەسەر ئەم جۆرە كەیسانە بكرێت، دەبێت ئەوەیش لەبیر نەكەین كە (مالیكی) تەواوی دەسەڵاتە ئەمنی و یاساییەكانی قۆرخ كردبوو هەتا دادوەرەكانیشی هەمووی خۆی داینابوون، جا ئێستا چۆن دەتوانرێت كەیسێكی ئاوا و گەندەڵیی خودی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بدەینە دەست دادوەرێك كە (مالیكی) داینابێت، بەڵام كە ئێمە توانیمان دەسەڵاتی یاسادانانی پاك بەپێیی دەستوور دابنرێت و پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی تەواو بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەو كەیسانە جارێكی دیكە پێداچوونەوەیان پێدا بكرێت".
گوتیشی، "ئەوەی كەمن ئاگادارم، ئێستا 42 كەیسی پێشێلكردنی یاسا لە دەستەی دەستپاكی هەیە كە هەموویان بە فەرمانی (مالیكی) داخراون، ئێمە بڕیارمان داوە كە هەموو ئەو كەیسانە جارێكی دیكە بكرێنەوە و پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت، كەیسی تێدایە كە بە ملیاران دیناری عێراقی بەهەدەر دراوە و گەندەڵیی تێدا كراوە و ناشەفافانە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو كەیسانە بەدواداچوونیان بۆ بكرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".
سەبارەت بە ملدانی (مالیكی) و هاتنی بۆ بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، (سیرینی) دەڵێت، "ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا بكات، هەموو كەس پابەندە بێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، وەكو چۆن ( عەبادی) و وەزیرەكانیشمان داوا كرد، بۆیە بە دڵنیاییەوە لە دوای تەواوبوونی ئەم پشووەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەبێ (مالیكی) بێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و پێداگرییشی لەسەر دەكەین".




