سەرۆک بارزانی لەگەڵ پێشمەرگە گەڕاوەکانی کۆبانیدا کۆ دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بە گوتەی فەرماندەیەکی هێزە گەڕاوەکەی پشیمەرگە لە کۆبانی، ئەم دوانیوەڕۆیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لەگەڵیاندا کۆ دەبێتەوە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ (ئەحمەد گەردی) بەkdp.infoی راگەیاند: "ئاگادار کراوینەتەوە کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)ـدا کۆ دەبێنەوە و، مەبەست لێی ئەوەیە کە لە کۆبانێ گەڕاوینەتەوە و بەخێرھاتنەوەی پێشمەرگەکان دەکات کە زیاتر لە مانگێک لەو شارەی ڕۆژاوای کوردستان ھاوشانی شەڕڤانان شەڕی داعشیان دەکرد و توانییان قارەمانانە بەرگریی لە پێشڕەویی زیاتری تیرۆریستان بکەن و بەشێکی زۆری شاریش ئازاد بکەنەوە."
لە 22ـی 10ـی2014 لەسەر فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرگریی لە کۆبانی، پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری دا، هێزێکی پێشمـەرگە کە ژمارەیان 155 و بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی کۆبانی بکرێ. چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر هێزێکی بۆ شوێنگرتنەوەی ئەوان ڕەوانەی کۆبانی کرا.
بڵند ئیبراھیم




