رۆژانە 17سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت.. گەر كەشوهەوا سارد بێت كەم دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا رۆژانە 17 سەعات كارەبای نیشتیمانی بە هاووڵاتیان دەدەن، بەڵام ئەگەر كەشوهەوا سارد بێت، ئەو رێژەیە كەم دەبێتەوە، چونكە خواست لەسەر كارەبا زیاد دەبێت.
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی كارەبا (ئومێد محەممەد)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە وەرزی سەرمادا خواستی هاووڵاتیان بۆ كارەبا زیاد دەبێت و زیاد لە پێویستیش كارەبا بۆ گەرمكردنەوە بە كار دەهێندرێت، بۆیە ئەو رێژە كارەبایەی ئێستا دەدرێتە هاووڵاتیان، بەش ناكات و ناچارن رۆژانە و بە تایبەت لەمانگەدا، 17سەعات كارەبا بدرێتە هاووڵاتیان.
(ئومێد محەممەد) گوتیشی، بەم شێوەیە لە پێدانی كارەبا بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر كەشوهەوا زیاتر سارد بێت، خواستی هاووڵاتیانیش بۆ كارەبا زیاتر دەبێت، بۆیە ناچار دەبن سەعاتەكانی پێدانی كارەبا كەم بكەنەوە.
ئەو زیاتر گوتی، ئەگەر هاووڵاتیان هاوكارییان بكەن، دەتوانن زیاتریش كارەبا بدەن، بەڵام هاوكارییان ناكرێت، بۆیە بەم شێوەیە كارەبا دابەش دەكرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئێستا رۆژانە 2 هەزار و 750 بۆ 3 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، بەڵام بە هۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان رۆژانە پێویستییان بە 4 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە.
بڵند ئیبراهیم




