ئەم هەفتەیە ناوی مامۆستایان بۆ دامەزراندن رادەگەیەندرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە ناوی چوار هەزار مامۆستا بۆ دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست رابگەیەندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە kdp.info-ی راگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا ناوی چوار هەزار مامۆستا لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی گرێبەست رابگەیەندرێت، دواتر سێ رۆژ بۆ وەرگرتنی سكاڵا دیاری كراوە و مامۆستاكان دەتوانن سكاڵای خۆیان پێشكەش بكەن.
(مەولەوی زادە) گوتیشی، دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، ئەو چوار هەزار مامۆستایە دەستبەكار دەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاند، مووچەی دەرچوانی زانكۆ 500 هەزار دینار و هەروەها مووچەی دەرچووانی پەیمانگەكان 400 هەزار دینار دەبێت.
ئاماژەیشی دا كە، گرێبەستەكە تەنیا بۆ ساڵێكە و ئەو كاتەی ماوەكەی تەواو دەبێت، وەزارەت لە نوێكردنەوەی یاخود هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە سەرپشك دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




