ئەحمەد كانی: گەشبینین بەوەی عەبادی هەڵەكانی مالیكی دووبارە نەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- (ئەحمەد كانی) دەڵێت، گەشبینییەك هەیە بەوەی (عەبادی) هەڵەكانی (مالیكی) دووبارە نەكاتەوە و هێشتایش لە بەغدا بێئومێد نەبووین. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، ئەمڕۆ داعش مەترسیی لەسەر هەموو جیهان دروست كردووە، بۆیە هەموو ئەو وڵاتانەی كە لە مەترسیی داعش تێدەگەن، دێنە سەر هێڵ و لە ناوچەكەیشدا تاكە هێز توانیبێتی داعش تێك بشكێنێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە.
لەبارەی هەڵوێستی شای ئوردن سەبارەت بە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە، بەرپرسی پێوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەحمەد كانی)، بە KDP.info راگەیاند، "(شا عەبدوڵڵا)-ی ئوردن پشتگیریی هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە لە ڕووی مێژووییەوە پێوەندی لە نێوان كورد و وڵاتی ئوردندا هەیە، بە تایبەتی پێوەندی لە نێوان (بارزانیی نەمر) و (مەلیك حوسێن) و دواتر پێوەندیی نێوان (سەرۆك بارزانی) و شای ئوردن، لە ئاستی سیاسەتی وڵاتاندا هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی وای پێڕۆ كردووە كە بووەتە جێگەی متمانەی وڵاتی ئوردن و سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لە كاتێكدا كورد هەمیشە بووەتە قوربانی و نەبووەتە گرفت بۆ وڵاتانی دراوسێ".
(ئەحمەد كانی) ئاماژەیشی دا كە، "ئەمڕۆ داعش بووەتە ڕێكخستێكی جیهانی و مەترسیی لەسەر هەموو جیهان هەیە، بۆیە هەموو ئەو وڵاتانەی كە لە مەترسیی داعش تێدەگەن، دێنە سەر هێڵ و لە ناوچەكەیشدا تاكە هێز توانیبێتی داعش تێك بشكێنێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە، لەو ڕوانگایانەوە شای ئوردن داوای پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە دەكەن و داوا دەكەن پشگیری و پشتیوانی بكرێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە عێراقدا".
پێوەست بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا و نیەتی حكوومەتی (حەیدەر عەبادی) بۆ چارەكردنی گرفتەكان (كانی) دەڵێت، "هەر كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەگەر بیەوێت بە نەفەسی ڕابردوو و سیاسەتی چەوتی ڕابردووی دەسەڵاتی عێراق بیر بكاتەوە، ناتوانێت سەركەوتوو بێت و (عەبادی)ـیش دەیەوێت و دەزانێت دەبێت لەگەڵ هەرێم پێوەندیی باشی هەبێت و ئەو پێشهاتانەی كە هەن وای بۆ دەچن كە (عەبادی) دەیەوێت نیەتێكی باش نیشانی هەرێمی كوردستان بدات، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا سەرجەم ئەو سیاسەتانە تاقی كرانەوە كە پێشتر وەك كارتی گوشار بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بە كار هێنران، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە دەیانەوێت بەدوای ڕێگایەكی دیكەدا بگەڕێن تا سیناریۆی ڕابردوویان بەسەردا دووبارە نەبێتەوە".
پێوەست بەو بۆچوونەی كە دەگوترێت پارتی بەغدای فەرامۆش كردووە و لە دەسەڵاتی بەغدا بێئومێد بووە، (ئەحمەد كانی) جەختی كرد، "پارتی هیچ كات تاكڕۆیانە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا نەكردووە و وەك چوارچێوەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە كراوە، بەڵام ئەوە ڕاستییەكە كە پارتی رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا و نكۆڵییش لەوە ناكرێت، بەڵام پارتی بە تەنیا ڕەفتار ناكات و شتێك ناكات كورد زەرەر بكات، بۆیە بۆچی پارتی بەغدا فەرامۆش بكات؟ پارتی كاتێك بەغدا فەرامۆش دەكات كە بزانێت بێئومێد بووە و كەسیش قازانج لەوەدا ناكات كە لایەنێكی دیكە فەرامۆش بكات".




