لە دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگا پیشەیی و ئیسلامی و نابینایانن.. 740 قوتابیی دیكە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەرگیران

هەولێر-KDP.info- دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگیرانی (740) خوێندكار و قوتابی لە دەرچووانی دیكە لە ئامادەیی و پەیمانگە پیشەیی و ئیسلامی و نابینایان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
پاڵپشت بە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای خوێندن و پلانی وەرگرتن كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پەسەند كراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرگرتن پاڵپشت بە ڕێنماییەكانی وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێم بۆ ساڵی (2014-2015)، بڕیاری دا بە وەرگرتنی (740) قوتابی و خوێندكار لە دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگە پیشەیی و ئیسلامی و نابینایان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستاندا.
سەبارەت بە وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییە پیشەییەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015)، بڕیار درا بە وەرگرتنی (552) خوێندكار و قوتابیی دەرچووی ئامادەییە پیشەییەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان.
لەبارەی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگا ئیسلامییەكانی سەر بە وەزارەتەكانی پەروەردە و ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015)، بڕیار درا بە وەرگرتنی (176) قوتابی و خوێنكار لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا. هەرچی پەیوەندی بە وەرگرتنی (نابینایان)ـەوە هەیە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەمساڵی خوێندن بڕیار درا بەوەرگرتنی (12) خوێندكار و قوتابیی نابینا لە دەرچووانی پۆلی (12)-ی ئامادەیی بۆ درێژەدان بە خوێندنیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا.




