سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری: هیچ گۆڕانكارییەك لە دەقی سروودی ئەی رەقیبدا ناكرێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ سروودی نیشتیمانیی ئەی رەقیب بكات و، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنیش دەڵێت، رێك كەوتوون كە سروودەكە وەك خۆی دەبێت و هیچ گۆڕانكاریەك لە دەقەكەیدا ناكرێت.
سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان (فەرحان جەوهەر)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێیدا درێژە بە گفتوگۆكانی بدات لەبارەی دۆخی ئافرەتانەوە، لەوانەیش ئافرەتانی شنگال و جگە لەوەیش خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكرێت، لەوانە پڕۆژەیاسای سروودی نیشتیمانیی ئەی رەقیب.
سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی، سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت و دەقە شیعرییەكەی وەك خۆی دەبێت.
(فەرحان جەوهەر) ڕوونیشی كردەوە، هەموو فڕاكسیۆنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە هیچ گۆڕانكارییەك لە دەقەكەیدا نەكرێت، تەنیا دوو سێ ئەندامێك نەبێت و لە ئێستایشدا ئەوە یەكلا كراوەتەوە، بەڵام رەنگە ئاوازەكەی گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و بە شێوەیەكی سەردەمیانە بێت.
(جەوهەر) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەو سروودە بەیاسایی دەكرێت و سبەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، دواتریش خوێندنەوەی دووەم و ئینجا پەسەند دەكرێت و دەبێتە سروودی نیشتیمانیی كوردستان.
بڵند ئیبراهیم




