٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی و كۆنسووڵی میسر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستانیان خستە بەر باس

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداری (سەرۆك بارزانی) و كۆنسووڵی میسر لە هەولێر، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا قسەیان لەسەر كرا و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێو هەرێمی كوردستان و میسر كرایەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەددین پێشوازی لە كۆنسووڵی نوێی وڵاتی میسر لە شاری هەولێر (عومەر فەهمی) كرد.
لە دیدارێكدا كۆنسووڵی نوێی میسر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی (سەرۆك بارزانی)ـی كردبوو، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا كە وەك كۆنسووڵی تازەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە. هەروەها سوپاس و پێزانینی گەل و حكوومەتی میسری بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند بۆ هەوڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوە دا كە، جیهان بە ڕێزەوە سەیری خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆریستان دەكات.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی كۆنسووڵی تازەی میسری كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا قسەیان لەسەر كرا و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێو هەرێمی كوردستان و میسر كرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار