بەرپرسێكی پارتی بۆ مالیكی: لێدوانەكانت شكستەكانی مووسڵ ناشارنەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ئەو لێدوانەی (مالیكی) دەربارەی کەوتنی مووسڵ بە بێبنەما وەسف دەكات و رایدەگەیەنێت، "پێش كەوتنی مووسڵ بەرپرسی پرۆسە سەربازییەكانمان ئاگادار كردەوە و ئامادەییی هاوكاریی پێشمەرگەیشمان دەربڕی، بەڵام گوێیان پێ نەدا، بۆیە (مالیكی) دەیەوێت بەم لێدوانانە شكستەكانی بشارێتەوە، بەڵام ناتوانی ئەو كارە بكات."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە kdp.info-ی راگەیاند، "لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لەبارەی ئەوەی كە كورد هۆكاری كەوتنی مووسڵە، هیچ بنەمایەكیان نییە، چونكە لە 5/6/2014 تیرۆریستانی داعش هێزێكی زۆریان هێنا بۆ مووسڵ و من وەكو بەرپرسی یەكەمی پارتی لە مووسڵ پەیوەندیم بە بەرپرسی پرۆسەكانی سوپای عێراق لە مووسڵ (مەهدی غەراوی)یەوە كرد، كە ئەو هێزە مەترسییە بۆ سەر مووسڵ و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیشم پێشان دا، لە وەڵامدا باسی لەوە كرد كە ئەوان پلانیان هەیە بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشەكانیان و پێویستیان بە هاوكاری نییە".
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، "رۆژ بە رۆژ مەترسییەكە زیاتر دەبوو، بۆیە ناچار بووم پەیوەندیم بە سەركردایەتیی خۆمانەوە كرد بۆ ئەوەی هێزێك رەوانە بكەن پارێزگاری لە بارەگاكانمان بكەن و رۆژی 9/6 ئەو هێزە بۆ ئێمە رەوانە كرا و سوپای عێراق رێگریی لێ كرد، بەڵام بە هۆی گوشارەكانی ئێمەوە ئەو هێزە هاتە مووسڵ بۆ پاراستنی بارەگاكانمان".
ئەو بەرپرسەی پارتی لە درێژەی قسەكانیدا ڕوونیشی كردەوە، كاتێك داعش هاتنە ناو مووسڵ، سوپای عێراق پێش هاووڵاتیان مووسڵیان بەجێ هێشت و تەواوی چەكەكانیان بۆ داعش جێ هیشت".
زیاتر گوتی، هێزی پێشمەرگە تا كۆتاییەكەی لە مووسڵ مایەوە و بەرگریی كرد و مووسڵی بەجێ نەهێشت، بەڵام كاتێك نەچار بوو ئەو كات ئەوانیش مووسڵیان جێ هێشت.
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نووری مالیكی)، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا کە دوێنێ مێدیاکان بڵاویان کردەوە، كورد بە كەوتنی مووسڵ تۆمەتبار دەكات و گوایە، بەڵگەیشی لە بەردەست دایە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ باوەڕی وایە کە، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نووری مالیكی) دەیەوێت شكستەكانی خۆی لەو رێگەیەوە بشارێتەوە و هەرێمی پێ تۆمەتبار بكات، بەڵام ئەمە راستییەكەیە و سەرەڕای ئەوەیش (مالیكی) لە جیاتی سزادانی بەرپرسە سەربازییەكان، خانەنشینی كردن، بۆ ئەوەی سزا نەدرێن.
بڵند ئیبراهیم




