٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی لیستی پارتی لە سلێمانی: داوای یەك لە دەی گشت پۆستەكان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (زیاد كاكە رەزا) رایگەیاند، دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رێك كەوتن، پارتیی دیموكراتی كوردستانیش لەو پارێزگایە داوای یەك لەسەر دەی پۆستەكان و بەشدارییەكی كارای ئیدارەی ئەو پارێزگایە دەكات.

سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (زیاد كاكە رەزا)، بۆ kdp.info گوتی، پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنیش بۆ گۆڕان و پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەیش بۆ گۆڕان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەیش بۆ یەكێتی دەبێت و ئەم رێككەوتنەیش تا دووساڵ بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، دواتر پۆستەكان پێچەوانەوە دەبنەوە، واتە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ گۆڕان و پارێزگاری هەڵەبجەیش بۆ یەكێتی لە بەرامبەردا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ یەكێتی و هیی هەڵەبجەیش بۆ گۆڕان دەبێت و بڕیاریشە كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆببێتەوە و پۆستەكان هەڵبژێردرێن.
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە كە، "تا  ئێستا لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پۆستەكانەوە لەگەڵیان كۆ نەبوونەتەوە، بەڵام ئێمە لە نێوخۆدا كۆ دەبینەوە و داواكارییەكانمان دیاری دەكەین و داوای ئیستیحقاقی خۆمان  لە گشت پۆستەكان و قایمقامییەت و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین، رەنگە داوای جێگری پارێزگاریش بكەین، بۆیە پێویستە لە هەموو جومگەكان پۆستمان پێ بدرێت".
(زیاد كاكە رەزا) ئاماژەیشی دا، "ئێمە یەك لەسەر دەی دەنگەكانمان بە دەست هێناوە، بۆیە پێویستە بە گوێرەی ئەو دەنگانە پۆستمان پێ بدرێت، چونكە جگە لە سلێمانی دوو ئیدارەیش هەیە، ئەوانیش راپەرین و گەرمیانن، بۆیە پۆستی سیادی بە مافی خۆمان دەزانین".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار