سوپاسالاری پێشمهرگه: پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكانەوە هێرشی كردووەتە سەر داعش.. بەشێكی زۆری ناوچەكان لە تیرۆریستان پاك كراونەتەوە

هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی سەربازیی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش بە تەواوی تێك بشكێنن. دەشڵێت، پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكانەوە هێرشی كردووەتە سەر داعش و بەشێكی یەكجار زۆری ناوچەكانی لە ژێر دەستی داعش دەرهێناون. هاوكات سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەیش له پهرلهمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، پێویستە حكوومەتی عێراق هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بكات.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان، داوا دەكات هاوكاریی زیاتری سەربازیی بكرێت بۆ ئەوەی لە سەرجەم بەرەكانەوە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە، چونكە بە درێژایی 1200 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەیە. لەم بارەیەوە سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق (جەمال)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "هێزی پێشمەرگەی كوردستان سنوورێكی یەكجار فراوانی لە لایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێت، لەو سنوورەیشدا بەرانبەر بە هێزێكی توندڕۆی تیرۆرستی وەستاوە، كە چەكێكی قورسی یەكجار زۆری سوپای عێراقی كەوتووەتە دەست، لە كاتێكدا ئەوەی بەدەست پێشمەرگەوەیە ئەو چەكانەن كە بە تواناكانی خۆی دابینی كردوون، بۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەبێت بیر لە چەكێك بكرێتەوە كە توانای تێكشكاندنی چەكی ئەوانی هەبێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو چەكە قورسانەی ئەمەریكا بە حكوومەتی عێراقی دا، كەوتە ژێر دەستی داعش هەر ئەوەیش بوو وای كرد هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان".
فەریق (جەمال) گوتیشی، ئێستا دەرفەتێكی زۆر باش هەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ئەمەریكا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بكات، چونكە بۆ دەركردنی داعش لە ناوچە و ڕووبەڕووبوونەوەیان، دەبێت لە ڕێگای وشكانییەوە هێرشیان بكرێتە سەر، ئەگەر ئەم ڕێگایەیش بگیرێتە بەر، بە بێ هاوكاریی هێزی پێشمەرگە ئەستەمە، چونكە سنوورێكی فراوانی لەگەڵ داعشدا هەیە".
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەرجەم میحوەرەكانەوە هێرشی كردووەتە سەر داعش و بەشێكی یەكجار زۆری ناوچەكانی لە ژێر دەستی داعش دەرهێناون، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا شنگالە، بۆیە ئەوێیش لە ڕێگای بەرنامە و كاتی خۆیەوە ئازاد دەكرێتەوە.
هاوكات سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (ئاری هەرسین)، بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "دوای دیاریكردنی بڕێك پارە بۆ هێزی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە، زۆر گرینگە بەگوێرهی ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوون بۆ باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە و پڕچەكردنی پێشمەرگە كار بكرێت، چونكە دەبێت زۆر بە جیددی هاوكاریی ئەو هێزە بكرێت بە تایبەتی كڕینی چەك بۆ پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی هێزێكی یەكگرتوودا".
(هەرسین) ئاماژەیشی دا، "ئێمە تا ئێستایش چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە كەی كۆنگرێسی ئەمەریكا بڕیارێك لەبارەی پڕچەكردنی هێزی پێشمەرگەوە بدات و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هاوكاری بكرێن بۆ ئەوەی بتوانن بەو چەكانە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، چونكە بەشێك لە میحوەركان و شەڕەكان پێویستییان بە چەكی قورس هەیە و دەبێت ئەو چەكانە بگەنە دەست پێشمەرگە كە ئەوە ڕێكارێكی یەكجار گرینگە وڵاتانی جیهان پێڕۆی بكەن".
گوتیشی، "لە ماوەی ڕابردوودا حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەركی خۆی ڕاپەڕێنێت و چەك بداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە كاتێكدا دەبوو بەپێی دەستوور ئەو هاوكارییەی بكردبایە، چونكە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزی عێراقدایە و دەبوو بە لایەنی كەمەوە ئەو هاوكارییە بكرابایە، چونكە پێشمەرگە سنوورێكی گەورەی خاكی كوردستان و عێراق دەپارێزێت".




