شەبەكەكان داوا دەكەن هێزێكی دیكەیان بۆ پێك بهێنرێت.. شانبەشانی پێشمەرگە شەڕی داعش دەكەن

مووسڵ–KDP.info- پاش ئەوەی بڕیاری دروستكردنی هێزێك بۆ كوردانی شەبەك درا كە لە 655 كەس پێك هاتبوو، بەڵام لەبەر زۆریی ژمارەی گەنجانی شەبەك كە خۆیان ناونووس كردووە، ئێستا داوا دەكەن هێزێكی دیكەیشیان لەناو ریزی هێزەكانی پێشمەرگەدا بۆ دروست بكرێت.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی شەبەك (مەلا سالم جومعە)، بە KDP.info -ی ڕاگەیاند، "پاش ئەوەی لەلایەن (نێچیرڤان بارزانی)ـیەوە بڕیاری پێكهێنانی هێزێك بۆ كوردانی شەبەك درا كە ژمارەیان 655 كەس بوو، بەڵام دوای ناونووسین، 2250 كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد، ئەمەیش ژمارەیەكی زۆرە، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت كاك (نێچیرڤان بارزانی) دەكەین كە هێزێكی دیكەیش بۆ كوردانی شەبەك پێك بهێنرێت كە لە 1310 كەس زیاتر بێت".
سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی شەبەك گوتیشی، "وەك كوردانی شەبەك زۆر گەشبین و خۆشحاڵین بەوەی كە ئێمەیش دەچینە ناو ریزی هێزەكانی پێشمەرگە و لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكاندا دژی تیرۆرستانی داعش دەجەنگین".
(سالم شەبەك) زیاتر ڕوونی كردەوە، "سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین كە زۆر هاوكار بوون لەگەڵمان بۆ بڕیاردان و كارەكانی دروستكردنی ئەو هێزەیش لە چوارچێوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا وەك پێویست و لە جێی خۆیدا بوون".
(مەلاسالم) ئاماژەیشی دا كە، "گەشبینم بەوەی كە هێزێكی دیكەیش لە كوردانی شەبەك پێك بێت و بۆ ئەو كارەیش سەرقاڵی نووسینی نووسراوێكم بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك (نێچیرڤان بارزانی)".
دەربارەی ئەو هێزەیش كە بڕیاری پێكهێنانی درابوو، نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو هێزەی بڕیاری پێكهێنانی درابوو، كارەكانی تەواو بوون و ئێستا بۆ مەشق و راهێنان ئامادەن، لە چەند رۆژی داهاتوویشدا شوێنیان بۆ دابین دەكرێت و دەست بە مەشق و راهێنان دەكەن كە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبن و شانبەشانی برا پێشمەرگەكانمان و دژی تیرۆریستانی داعش، دەچنە بەرەكانی جەنگەوە".
نەشوان بەرزنجی




