٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی پەیمانگای ئاشتیی ئەمەریكا لە هەرێم دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتی بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقیا (د. ئیلی ئەبو عەون) و بەرپرسی پێشكەوتوو لە پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باكووری ئەفریقیا (سەرهەنگ حەمە سەعید) لە هەولێر رایانگەیاند كە نووسینگەی پەیمانگاكەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.

ئەمڕۆ، لەلایەن بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، (فەلاح مستەفا) لەگەڵ شاندێكی USIP (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) بە سەرۆكایەتی بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقیا (د. ئیلی ئەبو عەون) و بەرپرسی پێشكەوتوو لە پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باكووری ئەفریقیا (سەرهەنگ حەمە سعید)، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی (USIP) جەختیان لە كردنەوەی نووسینگەی (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) لە هەرێم كرد،  بە ئامانجی پتەوكردنی پێوەندی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و USIP، بۆ هاوكاری و هەماهەنگی پێوەست بە پرسە هەنووكەییەكان، باروودۆخی ئەمڕۆی ئاوارەكان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان. هەروا باس لە دوایین پێشووەچوونەكانی پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و، باروودۆخی ئاوارە ئێزیدیەكان، كریستیان و چۆنێتی یارمەتیدانیان، دووپات  كرایەوە.
(فەلاح مستەفا)، لە دیدارەكەیدا گوتی، "هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزیران دووچاری هێرشێكی بەرفراوانی تیرۆرستان هات. بەڵام پێشمەرگەو گەلی كوردستان قارەمانانە توانیان بەرگری بكەن و رێگری لە پێشڕەوی كردنی تیرۆرستان بگرن، دواتر پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گورزی ئاسمانی و یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە هاوكێشەی جەنگی گۆڕی و توانرا زۆر ناوچە لە تیرۆرستان پاك بكرێنەوە".
پێوەست بە بارودۆخی ئاوارەكان و ژمارەیان، بەرپرسی پێوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەت، دەشڵێت، بە داخەوە ئێستا ئاوارەكان لە بارودۆخێكی دژواردان و بەهۆی زۆری ژمارەیان حكوومەتی هەرێم ناتوانێت‌ وەك پێویست تەواوی پێداویستیەكانیان بۆ مسۆگەر بكات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە خێرخوازیەكان رۆڵی بەرچاویان لە پێشكەیشكردنی یارمەتییەكان هەبووە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەخوازین كۆمەك و یارمەتی زیاتر بگاتە هەرێم، چونكە ئاوارەكان پێویستیان بە جێگەو شوێنی حەوانەوە و خوێندن و تەندروستی زیاتر هەیە.
پێوەست لە پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا (مستەفا)، رایگەیاند كە، ئەنجامی سەردانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا ئەرێنی بوو، كێشە گرینگەكان تاوتوو كران و ڕێگە چارەیان بۆ دۆزراوەتەوە، پێویستە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەم پرۆسە سیاسییە بەشداربن و بەغدایش ڕۆڵێكی سەرەكی لە گۆڕینی باری سیاسی ئێستا بۆ بارێكی گوونجاوتر هەبێت. هەروەها دەستخۆشی لەم هەنگاوەی (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) كرد بۆ كردنەوەی نووسینگەیان لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیی فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوەی بۆ پێشكەیشكردنی هەمووجۆرە ئاسانكاری و هاوكاریەك بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار