میلیشیاکان ڕێی سەعدیەیان لە کورد گرتووە.. پێشمەرگە ڕێ نادات کروییەکان بگەڕێنەوە جەلەولا

جەلەولا-KDP.info- فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری جەلەولا دەڵێت، میلیشیا شیعەکان رێ نادەن کورد بچێتە شارۆچکەی سەعدیە، بۆیە پێشمەرگەیش بڕیاری داوە رێگە نەدات ئەوان بێنە جەلەولاوە، جەختیشی کردەوە، پێشمەرگە هاوکات ڕێ نادات ھیچ کەسێک لە هۆزی کروی بگەڕێنەوە جەلەولا، چونکە ھاوکاریی داعشیان کردووە.
جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری جەلەولا عەمید(عوسمان رەمەزان) بە kdp.infoـی راگەیاند: "هۆزی کروی کە لە سنووری جەلەولا ھاوکاریی داعشیان دەکرد، لەئێستایشدا سەردانی حکوومەتی بەغدایان کردووە بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان پشتیوانییان بکات، بەرپرسی فرقەیەکی سوپای عێراقیش کروییە و زیاتر ئەو ھەوڵیان بۆ دەدات، بەڵام خانووەکانی ئەو هۆزە تەقێندراونەتەوە، ڕەنگە لێرە و لەوێ خانوویێکیان مابێتەوە و ھیچ کەسێکیشیان لە ناوچەکەدا نەماوە."
وەک زانراوە چهكدارانی هۆزی كروی پێشتر جهلهولایان كۆنترۆڵ كردبوو، له دوای ساڵی 2003-یشەوە فهوجێكی 700 كهسییان بۆ دروست كرا، كه به فهوجه تهوارییهكهی جهلهولا ناسرابوو.
هەربەپێی زانیارییەکان کە لە ناوچەکەوە دەست کەتوون، له كاتی شهڕی داعشدا لهگهڵ پێشمهرگه، کروییەکان چهكیان ههڵگرت و زۆربهی قهنناسبهدهستەكانی نێو ناحیهی جهلهولا، ئهو چهكدارانهی هۆزی کروی بوون.
عەمید(عوسمان رەمەزان) جەختی کردەوە کە، "پێشمەرگە بڕیاری داوە کە بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئەندامانی ئەو هۆزە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە، چونکە دەستیان لەگەڵ داعشدا تێکەڵ کردووە و دژ بە پێشمەرگە ھاوکارییان کردوون."
ئەو فەرماندەیە زیاتر گوتیشی، رێککەوتن کراوە کە جەلەولا لە دەست ھێزی پێشمەرگەدا بێت و سەعدیەیش لە دەست سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکان بێت، بۆیە لەئێستادا ئەوان رێگە نادەن کورد بچێتە سەعدیەوە و لە بەرانبەردا ھێزی پێشمەرگە بڕیاری داوە رێگە نادات ئەوان بێنە جەلەولاوە.
بڵند ئیبراھیم




