٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەندامنەبوون لە دادگای لاهای، گرفتی بەردەم بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگالە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی كارەساتی شنگال ببرێتە دادگای لاهای و ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت، زۆر ڕێگە هەن بۆ ئەوەی رێكارەكان لەو بارەوە بگیرێنە بەر و كارەساتی شنگال بەجیهانی بكرێت.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (شێخ شامۆ)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info زیاتر گوتی، "ئێمە كاتێك لەگەڵ شاندی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە كارەساتی شنگال چووینە لاهای، كۆمەڵێك بەڵگەی ڤیدیۆییمان لەگەڵ خۆمان برد بۆ ئەوەی ڕووداوەكان بە دۆكیومێنت بخەینە ڕوو، بەڵام لەوێ گرفتێك هەبوو و ئەوان گوتیان ئەگەر عێراق لە دادگای لاهای ئەندام نەبێت، مافی دەستوەردانمان نییە، بۆیە ئەوان ڕێگەیان بۆ داناین و گوتیان یان دەبێت عێراق ببێتە ئەندامی دادگا، یان دەبێت ئەو كەسانەی هەڵگری پاسپۆرت یان پێناسی باری شارستانیی وڵاتێك بن كە ئەندامە لە لاهای، ئەو كاتە دادگای باڵای لاهای مافی ئەوەی هەیە قسە لەسەر ئەو كەیسە بكات".

(شێخ شامۆ) ڕوونیشی كردەوە كە، بڕیارە لیژنەی حكوومیی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن بۆ ئەوەی لەوێ ڕێگەیەك بدۆزرێتەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتیان بداتێ، یانیش بانگهێشتی لیژنەیەكی تایبەت لە دادگای لاهای بكرێت بۆ ئەوەی بێنە شوێنەكە و لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵكوژییەكە بكەن.

گوتیشی، "لە ڕێگەی ناتۆیشەوە دەتوانرێت ئەو هەنگاوە بنرێت و سەركەوتوو بێت، چونكە لە بابەتی دارفۆر سوودان، ئەندامی دادگای لاهای نەبوو، بەڵام لە ئەنجوومەنی ئاساییش نووسراوێكیان كرد كە مافی ئەوەیان هەبوو لەو بابەتەوە قسە لەگەڵ دادگای لاهای بكرێت، ئەوەیش رێگەیەكی دیكەیە بۆ ئەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بتوانن لەو ڕێگەیەوە هەوڵی خۆیان بدەن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیشی دا، عێراق دەتوانێت نووسراوێك بداتە دادگای لاهای بۆ ئەوەی لیژنەیەكی تایبەت لە دادگاوە بهێنرێتە شنگال و لێكۆڵینەوەی خۆیان بكەن وەك بەڵگەیەك لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەوان كۆمەڵێك بەڵگە و دۆكیومێنتی بەهێزیان كۆ كردوونەتەوە و چاوەڕێ دەكەن دەرگەیەكی یاسایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگەیەوە بچنە دادگەی نێودەوڵەتی.

بە هۆی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و تاوانکارییەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە قەزای شنگال ئاوارە بوون، لە زۆر شوێن داعش کۆمەڵکوژی لە دژیان ئەنجام داوە و ژمارەیەکی زۆر لە کچ و ژنەکانیشیان دەستبەسەر کراون و وەک کەنیزەک ماەمڵەیان پێوە دەکات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار