چەكی نوێ گەییشتە دەست پێشمەرگە.. 40 تیرۆریستی داعش لە باشیك كوژران

باشیك-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، چەكی نوێ و پێشكەوتوو گەییشتوونەتە دەستیان و لە بەیانییشەوە تیرۆریستانی داعش لە باشیك سەرقاڵی ناشتنی تەرمەكانیانن. دەشڵێت، زیاتر لە 40 تیرۆریستی داعش كوژراون كە زۆربەی كوژراوەكانیش بە رەگەز عەرەبن و خەڵكی مووسڵ و بەعاج و تەلەعفەرن.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە لیوای 7ـی پیادەی سۆران عەمید (بەهرام عەریف یاسین)، بە KDP.INFOـی ڕاگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری باشیك، چەكی نوێی ئەڵمانیایی و پێشكەوتوویان گەییشتوونەتە دەست و بەسەر هێزەكانی پێشمەرگەدا دابەش كراون و لە سەنگەرەكان جێگیر كراون، پێشمەرگەیش لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ ئەوەی زەبری كوشندە لە تیرۆریستان بوەشێنێت.
عەمید (بەهرام) ئاماژەیشی دا كە، تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە بە تەواوی تێك شكاون و توانای هێرشكردنیان نییە، لە بەرانبەردا تەنیا دوێنێ هێزەكانی پێشمەرگە و فڕۆكەی هاوپەیمانان لەو سنوورە زیاتر لە حەوت موڵگەی گرینگی داعشیان بۆردوومان كردن و گشتیان تێك دران.
ئەو فەرماندەیەی لیوای 7ـی سۆران زیاتر گوتی، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا زیاتر لە 40 تیرۆریستی داعش كوژراون و زۆربەی كوژراوەكانیش بە رەگەز عەرەبن كە خەڵكی مووسڵ و بەعاج و تەلەعفەرن، لە بەیانییشەوە داعش سەرقاڵی ناشتنی لاشەكانیانن.
(بەهرام) دووپاتیشی كردەوە، لە سنووری خازرەوە بگرە تاكو دەگاتە بەنداوی مووسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودان و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ناوچانەیش لە تیرۆریستانی داعش پاك دەكرێنەوە.
ناحیەی باشیك سەر بە پارێزگای نەینەوایە و دەكەوێتە دووری 12كم باكووری رۆژئاوای شاری مووسڵ، ناوچەیەكی گرینگی كشتوكاڵییە و دانیشتووانەكەی لە موسوڵمان و كوردانی ئێزدی، کوردانی شەبەك و ژمارەیەک مەسیحییشی لێن.
باشیك لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و، خەڵكێكی زۆریش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هێزەكانی پێشمەرگەیش رۆژانە زەبری كوشندەیان لێ دەدەن و بۆردوومانیان دەكەن.
نەشوان بەرزنجی




